Hasan Esen
04 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2019
لەندەن - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ رایگەیاند کە پلانی بەرگریی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک پەسەندکراوە.
ستۆلتنبێرگ، لە پاش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نوێنەرایەتی تورکیای دەکرد، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکان لەسەر پلانێکی نوێ رێککەوتوون لە بابەتی بەگژداچوونەوەی تیرۆر و گوتی: "ھەموو ھاوپەیمانەکان، بەردەوام دەبن لە پەیوەستبوونیان لەسەر بەگژداچوونەوەی تیرۆر و ھێشتنەوەی نێردەکانی مەشق و راھێنان لە عێراق و ئەفغانستان".
لەبارەی رەتکردنەوەی ئەمریکا بۆ ئەو پلانەی کە یەپەگە/پەکەکە/ پەیەدە بە ھەڕەشە دەزانێت، تورکیاش داوای ئەوەی کردبوو کە ناتۆ پلانی بەرگریی وڵاتانی باڵتیک پەسەندنەکرێت، یەنس ستۆلتنبێرگ لەوەڵامدا گوتی:
"پلانگەلێک ھەن بۆ جێبەجێکردن لەسەر پاراستنی وڵاتانی باڵتیک و پۆڵۆنیا و سەرجەم ھاوپەیمانان. لەوە زیاتر تەنھا پلانمان نییە، ھێزێکی سەربازیی زۆر لە ناوچەکەدان. بۆ یەکەمجار لە مێژووماندا لە شوێنی راست ھێزی ئامادەمان ھەیە بۆ شەڕ. ئامادەکارییەکانی ناتۆمان بۆ سێ ھێندە بەرزکردەوە. ئەمڕۆ بڕیار لەسەر ھێزی زیاتر درا ئەگەر پێویست بوو بۆ ئەوەی بە خێراتر جووڵە بکەین. بۆ پاراستنی لایەنە جیاوازەکانی ھاوپەیمانییەکە بەبەردەوامی چاو بە پلانەکان دەخشێنینەوە و نوێیان دەکەینەوە. ئەمرۆ پێداچوونەوەمان بۆ ئەو پلانە کرد کە دانرابوو بۆ وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا و لەسەری رێککەوتین. بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەوە دەکەم. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە دەتوانین پێداچوونەوە بە پلانەکان بکەین و نوێی بکەینەوە".
ستۆلتنبێرگ، رایگەیاند کە لە گەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە و باسی بابەتی جۆراوجۆریان کردووە و گوتی: "ئەوەی گرنگە ھەموو وڵاتانی ھاوپەیمانیەتییەکە ئەو پلانەی کە پێداچوونەوەی بۆکراوە لەسەر وڵاتانی باڵتیک پەسەندیان کرد."
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەکرد کە بۆچوونی جیاواز ھەبوو لە لایەن وڵاتانی ھاوپەیمانیی لەسەر بە تیرۆر ناساندی یەپەگە و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بە تایبەتی باسی یەپەگە نەکرا، بەڵام کێشەیەکە کە وڵاتانی ناتۆ گەنگەشەی لەسەر دەکەن. ھەموومان رێککەوتوین لەسەر ئەوەی زیان نەگەیەنینە ئەو دەستکەوتانەی کە لە دژی تیرۆر بەدەستھاتوون".
ستۆلتنبێرگ، دووپاتیکردەوە کە کڕینی سیستمی بەرگریی S-400 لەلایەن تورکیاوە بڕیارێکی نیشتیمانی خۆیانە و گوتی: "چەند ھاوپەیمانێک مەترسییەکانی خۆیانیان باسکرد. منیش مەترسییەکانی خۆمم لەسەر ئەم بڕیارە باسکرد. دەتوانم بڵێم سیستەمی بەرگریی S-400 ی رووسی بە ھیچ شێوەیەک تێکەڵ بە سیستەمی ناتۆ ناکرێت".