Ömer Tuğrul Çam
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
بڕۆکسل - AA
کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی هەمیشەیی لەنێوان تورکیا-فینلاند-سوید سەبارەت بە داواکاریی سوید بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، دەستی پێ کرد.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل بەڕێوەدەچێت.
شانبەشانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (MiT)، ئیبراهیم کاڵن و راوێژکاری سەرەکیی سەرکۆمار، باڵیۆز ئاکیف چاغاتای کڵچ و جێگری وەزیری دەرەوە، باڵیۆز بوراک ئاکچاپار بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
بەرلە کۆبوونەوەکە، شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی هەمیشەیی نێوان تورکیا-فینلاند-سوید بڕیارە، بە پشتبەستن بەو یاداشتنامە سێقۆڵییەی کە لە میانی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە مەدرید واژوو کرا، پێداچوونەوە بەو هەنگاوانەدا بکرێت کە فینلاند و سوید لە چوارچێوەی رەهەندە جیاوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دوای کۆبوونەوەی پێشوو کە لە ١٤ی حوزەیران لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گرتوویانەتەبەر.