جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ساڵح موتڵەگ رەخنەی لە بەکارهێنانی سوپا بۆ شەڕی دژە تیرۆر لەنێو شارەکان گرت.
موتڵەگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لە شاری بەغدا گوتی: "ناکرێ لە پێناو شەڕی دژە تیرۆر، سوپا روانەی نێو شارەکان بکرێ یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام بدرێ. چونکە ناوی سوپا بە خراپە دەزڕێنێ."
موتڵەگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام- داعش لە ئەنبار و فەلوجە، پێگەیەکی جەماوەریی بەھێزی نییە. بۆیە ناکرێ بۆ راوەدونانی ١٠ ئەندامی داعش سوپا یا بە ھەزاران سەربازی سوپا روانەی ئەو شارە بکرێن.
موتڵەگ هەروەها داوای جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی ئەو پەیمانەدا کرد کە کۆمیتەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران ئیمزای کردبوو.
لە بارەی بانگەشەکانی ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی لیستەی عێراقیە بۆ کێشانەوەی ئەندامانی لیستەکەی لە حکومەت، موتڵەگ گوتی:"ئەو بانگەوازە بێ کەڵکە، چونکە سەرباری بایکۆتکردن، پەرلەمان بەردەوام درێژە بە دانیشتنەکانی خۆی دەدا."