سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانکی مۆن داوەتنامەی نارد بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بڕیارە بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکەن. ھێشتا دیار نییە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری دەکا یان نا.
هەروەها هێشتا ئەندام و نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش دیاری نەکراون.
گوتەبێژی بانکی مۆن رایگەیاند: سکرتێری گشتی بەگوێرەی ئەو کارنامەیکە ھەریەکە لە ئەمریکا، روسیا و نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە سەری رێککەوتبوون، داوەتنامە بۆ سوریا و ئەو وڵاتانەی بڕیارە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناردووە.
راگەیەنراوە ئامانجی ئەو کۆنفرانسە، کۆکردنەوەی رژیم و ئۆپۆزسیۆنی سوریایە بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕ، ھەموارکردنی ئەو خاڵانەی بۆ گۆڕانکاریی سیاسی و جێبەجێکردنی لە کۆنفرانسی جنێڤ١ ساڵی ٢٠١٢ بڕیاریان لە سەر درابوو.
بەشی نێودەوڵەتی کۆنفرانسی جنێڤ٢ لە لایەن سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٢ی کانوونی دووەم، لە شاری مۆنترۆ سەرۆکایەتی دەکرێ. ئەو بەشەی کۆنفرانس کە لە لایەنەکانی سوریا تێیدا بەتەنیا بەشدار دەبن، لە لایەن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ.