واشنتۆن
بە پێی راگەیاندراوێكی كۆشكی سپی، سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆكانی ھەر چوار وڵاتی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا و ئەڵمانیا باسیان لە پەتای ئێبۆلا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگەی جیھان و رێوەشوێنە پێویستەكانی رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە كرد.
لە لێدوانەكەدا ئاماژە بەوە كراوە ئۆباما جەختی لەسەر پێویستی زیاتر ھاوكاری كردنی ھەر یەك لە وڵاتانی گینە، سییەرالیۆن و لیبەریا لە لایەن كۆمەڵگەی جیھانییەوە كردووە. سەرۆكانی ئەو پێنج وڵاتە لەسەر زیاتر ھاوكاری كردن و ھەماھەنگی كردن لەو چوارچێوەیەدا ھاوڕابوونە و ئۆباما جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ رێگری كردن لە پەتای ئێبۆلا كە تراژێدیایەكی مرۆییە و ھاوكات ھەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگەی جیھانی پێویستی بە دابین كردنی ھێزی مرۆیی و ئابووریی ھەیە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیاندراوەدا باسی ئەوە كراوە كە ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە رێگای تەلەكۆنفرانسەوە رێكخراوە، سەرۆكانی ئەو پێنج وڵاتە باسیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووە، جەختیان لەسەر پشتگیری كردن لە سوپای عێراق، ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سوریا، رێگریكردن لە رۆیشتنی شەڕڤانانی بیانی بۆ نێو داعش، لاواز كردنی داعش لە سوریا و عێراق و لە ناوبردنی و ھەروەھا رەچاو كردنی ھەوڵەكانی ھاوپەیمانی جیھانی لە دژی داعش كردووەتەوە.
ئۆباما لەو بارەوە باسی ئەوەی كردووە كە بواری سەربازی دژی داعش تەنیا بەشێكە لە ھەوڵەكانی ھاوپەیمانی جیھانی دژی ئەو رێكخراوەیە و شەڕی دژی پڕۆپاگەندەكانی داعشیش زۆر گرنگە و پێویستە ئایدئۆلۆژیایەك لە دژی ئایدیۆلۆژیا ژەھراوییەكەی داعش بخرێتە روو و پەرەی پێ بدرێ. سەرۆكانی ئەو پێنج وڵاتە باسیان لە گرنگی ھەماھەنگی ھاوپەیمانی جیھانی بۆ وشكردنی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆریستانی داعش كردووە.
لە بارەی پرسی ئۆكرایناوە سەرۆكانی ئەو پێنج وڵاتەیش داوایان لە روسیا كردووە كە خاڵەكانی پەیمانی مینسك جێبەجێ بكات و پێویستە بۆ ھاوكاری كردنی ئابووریی ئۆكراینا لەگەڵ رێكخراوە داراییە جیاجیاكانی جیھان پێكەوە كار بكرێ.