واشینتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جۆن كێربی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لە بارەی ھێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراقی دایەوە.
كێربی گوتی: "ھێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر داعش بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبن و لەم رۆژانەی دواییدا ژمارەی ئەو ھێرشە ئاسمانییانە زیادی كردووە و ھۆكاری زیادبوونی ئەو ھێرشانەش بینینی ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستی داعش لە دەورووبەری كۆبانێیە و زیادكردنی ئەو ھێرشە ئاسمانییانە كاریگەری زۆر باشی لەسەر ژمارەی زۆری تیرۆریستانی داعش كردووە، ھەر چەند ناتوانم ئامارێكی راست و دروست پێشكەش بكەم بەڵام لەم رۆژانەدا لە دەوروبەری كۆبانێ بە سەدان تیرۆریستی داعش بە ھۆی ھێرشە ئاسمانییەكانەوە كوژراون."
كێربی گوتی: "داعش سورە لەسەر داگیركردنی كۆبانێ بۆیە بەردەوامە لەسەر ناردنی تیرۆریستان بۆ كۆبانێ و ھێشتا مەترسی داگیر كردنی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ھەیە و تیرۆریستان دەیانەوێ جۆگرافیایەكی زیاتر داگیربكەن چونكە داوای خاك دەكەن و كۆبانێش ئەو شوێنەیە كە ئەوان داوای دەكەن."
كێربی بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "كۆبانێ ھێشتا لە دەستی ھێزە كوردییەكاندایە و ھەر چەند تا ئێستا شەڕی تێدا دەكرێ بەڵام ھێرشە ئاسمانییەكان بوونە ھۆی ئەوەی كە داعش چی دیكە نەتوانێ وەكو رابردوو ھەوڵ بۆ ھێرش كردنە سەر كۆبانێ بدات."
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەگەر كۆبانێ بكەوێتە دەستی داعش ئەمە شكستێكی گەورەی ستراتیژیكە یا وەكو بەشێكی گچكەی وێنە گەورەكە سەیری دەكەن؟ كێربی گوتی: "ئەگەر بێتوو تیرۆریستانی داعش كۆبانێ داگیر بكەن، ئەمە شكەستە، با گۆمانمان لەوە نەبێ كە تیرۆریستان دەیانەوێ جۆگرافیایەكی بەرفراوانتر داگیربكەن، بەڵام شەڕڤانە كوردەكان بەو پەڕی توانایانەوە رێگری لەو ھەوڵەی تیرۆریستان دەكەن و ئێمەیش بەو ھێرشە ئاسمانییانە ھاوكاری شەڕڤانە كوردەكان دەكەین و كەس نایەوێ كۆبانێ بكەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پێویستە ھەر كەس ئامادە بێ بۆ ئەگەری داگیركردنی كۆبانێ."
كێربی لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا ئاماژەی بەوە كرد كە شاندێكی فەرمانداریەتی ھێزی ناوەندی ئەمریكا لەگەڵ چەند ھاوپەیمانێكی عەرەبی بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەسەر چۆنێتی ھاوكاری كردنی ئەو وڵاتە سەردانی ئەنقەرەی كردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دانوستاندن لەگەڵ كاربەدەستانی توركیایە.لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی مەترسی ھێرشی تیرۆریستان بۆ سەر بەغدا كێربی گوتی: "پێمان وا نییە كە جارێ بەغدا لە ژێر مەترسی ھێرشی تیرۆریستاندا بێ."