جنێڤ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی کە بۆ بەشداریکردن لە ١٣١مین کۆبوونەوەی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکان سەردانی جنێڤی کردووە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تیرۆریستانی داعش بە شێوازی گەریلایی شەڕ دەکەن، بۆیە ھێرشە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانان لەگەڵ راستی ناو گۆڕەپانەکاندا ناگونجێن و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تەنیا بە بۆردومانکردنی تیرۆریستانی داعش نابێ و پەروەردەکردنی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنیش ناتوانێ ببێتە چارەسەرییەکی یەکجاری بۆ ئەو پرسە."
لاریجانی گوتیشی: "لە ناوچەکەدا چەند وڵاتێک لە دژی دیموکراسین، ئاواتەخوازم ئەو وڵاتانەی ناوچەکەمان بزانن کە شەڕی دژی تیرۆر یاری منداڵان نییە."
لاریجانی جەختی لەوەکردەوە کە ئێرانیش لە شەڕی دژی داعشدا خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتییە و لە ئێستادا ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکا.
لاریجانی وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پڕۆسەی دانوستانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە نێوان وڵاتانی ئەندامی گروپی ١+٥ و وڵاتەکەی دایەوە و گوتی: "ھیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان پڕۆسەکە و بارودۆخی ناوچەکەدا نییە، بەڵام ئەگەر پرسی متمانەی دووقۆڵی رەچاو بکرێ، دەتوانرێ پەیوەندییەک لەو چوارچێوەیەدا دابمەزرێ."
لاریجانی جەختی لەوەکردەوە کە ھیچ مەبەستێکی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە، بەڵام مافی ئێرانە کە وزەی ئەتۆمی ھەبێ.
گوتیشی: "لە ئێستادا گفتوگۆکان لەسەر ژمارەی سەنتەرفۆژەکان چڕبوونەتەوە و پێویستە لایەنی بەرامبەر ئەوە روون بکاتەوە کە بۆچی پرسی ژمارەی سەنتەرفۆژەکان ئەوەندە بۆ ئەوان گرنگە."