Mazın Asad,Abdullah Shukur
04 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2017
دوای ئەوەی ئەگەری گواستنەوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بۆ منبج ھاتە ئاراوە، ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، ئامادەکاریی پیلانێکی نوێن دژی تورکیا.
کۆنسەی سەربازیی پەیەدە/پەکەکە لە مبنج دوێنێ رایگەیاندبوو کە ھێزەکانی ئەسەد دەچنە نێو منبج.
ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری رووسیا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند پەیەدە منبج و دەوروبەری رادەستی سوپای رژێم دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر سوپای سووریای ئازاد دوو گوندی نزیک منبجی لە پەیەدە/پەکەکە رزگار کرد و تورکیاش ھۆشداری دا بەوەی کەوا ئەگەر پەیەدە منبج چۆڵ نەکات، دەکرێتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە ھەندێک لە سەرچاوەکانی ناوخۆیی سووریا زانیارییان بە ئاژانسی ئانادۆڵو دا و رایانگەیاند کە تاوەکو ئێستا ھیچ جموجۆڵێکی سەربازیی لە منبج نییە کە ھێزەکانی رژێم ئاشکرای کردبوو کە لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ دەبن.
ئەوەی جێی سەرنجە رژێمی ئەسەد ھیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی رێککەوتنی لەگەڵ پەیەدە/پەکەکە لەبارەی منبج نەکردووە.
ھێزەکانی رژێم مانگی رابردوو بە پاڵپشتی ھێزەکانی ئاسمانی رووسیا، پێشڕەوییان بەسەر داعش لە ناوچەکانی رۆژھەڵات و باشووری ئەلباب تۆمار کردبوو و رۆژی دووشەممەی رابردووش گەیشتبوونە ناوچەی منبج.
-جموجۆڵی ھێزی ئەمریکا
لە دوای رێکەوتنی نێوان رژێمی سووریا و ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە، بەشێکی سەربازانی ئەمریکا لە شارۆچکەی منبج بە ئۆتۆمبێڵی زریپۆش لە باکووری ئەو شارۆچکەیە جێگیر کران.
بەپێی زانیاری ئەو گەواھیدەرانەی کە لە نێو منبج زانیاریان بە ئاژانسی ئانادۆڵو داوە، یەکینەکانی ئەمریکا لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە/پەیەدە لە گوندی حیلوانجی جێگیر کراون و ئەمەش دەکەوێتە خاڵی سفری سەر شارۆچکەی جەرابلوس کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات ئازاد کرابوو.
سەرچاوەکانی خۆجێ ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە جوڵەی ھێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پێشتگيری لە ھاتنی ھێزی رژێم یان پێشڕەوی سوپای سووریای ئازاد لە باکووری شارۆچکەکە ئەنجامدراوە.
-ھەماھەنگی پەکەکە، پەیەدە
لە شەڕی ناوخۆی سووریا ھەماھەنگی نێوان رژێم و ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە زانراوە.
رژێمی سووریا و ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە لەوەتەی دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریا زۆر بە کەمی رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. ھەماھەنگی نێوان ئەو دوو لایەنە بە زۆری لە حەسەکە ھەست پێ دەکرێت. پەیەدە کە لە ساڵی ٢٠١٢ شاری حەسەکەی لە رژێمی سوویا وەرگرت و تاکو ئێستا بەردەوامە لە پێدانی باج بە رژێم. ھاوکات رژێمی سووریا لەو ناوچەیە دامەزراوەکانی خۆی بەکارخستووە و ئەمنییەتی شارەکەش لەلایەن پەیەدە و رژێمەوە دەستەبەر دەکرێت. لە پاڵ ئەمەش کێڵگەی نەوتی رومەیلان لە باکووری رۆژھەڵاتی حەسەکە لەلایەن پەیەدە و رژێم پارێزگاری لێ دەکرێت. ھاوکات بەشێکی ئەو نەوتەی دەردەھێنرێت دەدرێتە رژێمی سووریا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ ھەماھەنگی رژێمی سووریا و پەیەدە گواسترایەوە نێو شاری حەلەب. ھاوکات رێکەوتنی سەربازیی ستراتیژی ھاوبەش لە حەسەکە لە نێوان ئەو دوو لایەنە واژوو کرا. بەپێی رێککەوتنەکە، رژێمی سووریا ھاوکاری چەک لە ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود پێشکەش بە چەکدارانی پەیەد دەکات. لە بەرامبەر ئەمەشدا پەیەدە ھێزەکانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی رژێمی ئەسەد لە دژی سوپای سووریای ئازاد لە حەلەب بەکارھێنابوو.