Azat Muhammet
03 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2017
دهۆک - AA
لە میانى بەڕێوەچوونى رێوەڕەسمى یادکردنەوەى سێیەمین ساڵیادى کارەساتى شنگال، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى لە گوتارێکدا وێڕاى دووبارە دەربڕینى هاوخەمى و هاوئازارى بۆ کوردانى ئێزدى سوپاسى ئامادەبوونى نوێنەر و کونسوڵى وڵاتانى کرد و گوتی: "دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال، حکوومەتى هەرێمى کوردستان هێشتا بە هەمان شێوە هەست بە گرانى و ئازارەکانى ئەو کارەساتە دەکات، کە بەسەر کوردانى ئێزدى هاتووە، هەوڵیش دەدەین ئەو بارگرانییە لەسەر کوردانى ئێزدى ئازیز کەمبکەینەوە".
گوتیشى: "ئێمە بینیمان داعش هەموو سنوورێکى دڕاندانەى بەزاند و هۆکارى زۆر هەبوون بۆ ئەوەى کارەساتى شنگال رووبدات لە ٣ى ئابى ٢٠١٤، بە داخەوە بە هۆى ئەو هۆکارانە و دڕەندەیی تیرۆریستانى داعش، ئەو کارەساتە روویدا".
- "ئەمڕۆ رۆژى ئاوەدانکردنەوەى شنگالە"
سەرۆکوەزیرانى هەرێم ئەوەیشى گوت "دواى ئەو کارەساتەى کە روویدا و رزگارکردنى شنگال لە دەست تیرۆریستانى داعش لە لایەن پێشمەرگە بە سەرپەرشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ رۆژى ئەوەیە بە پلانێکى دروست هەمووان پێکەوە زیرەکانە شنگال ئاوەدان بکەینەوە و لاپەڕەی رەشى داعش نەهێڵین و لاپەڕەیەکى سپى ئاوەدانکردنەوە و پێکەوە ژیان و هەڵبدەینەوە بۆ شنگال و بۆ هەرێمى کوردستان".
- "حکوومەتی عێراق ئامادەنەبوو، ئەوەی بۆ حەشدی شەعبی کرد بۆ پێشمەرگەی بکات"
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رەخنەى لە حکوومەتى عێراق گرت و گوتى: "عێراق وەک دەوڵەت نایەوێت و ئێمە بپارێزێت و ئێمە پێشکەوتوو بین، هەموو رێگەیەکمان تاقیکردەوە حکوومەتى عێراق ئەو هاوکارییەى پێشکەشى حەشدى شەعبى کرد، پێشکەشى هێزى پێشمەرگەى نەکرد، وەک بەشێک لە سیستەمى بەرگرى مامەڵەى لەگەڵ پێشمەرگە نەکرد، لە کاتێکدا حەشدى شەعبى ناوى لە دەستووردا نییە، برینى قووڵى ئێمە ئەوەیە بۆچى حکوومەتى عێراق هەموو هاوکارییەک پێشکەشى حەشدى شەعبى دەکات، ئامادە نییە دان بە ناوى پێشمەرگە بنێت، ئەمەیش بە ماناى ئەوە نایەت دژایەتى حەشدى شەعبى بکەین، بەڵکو ئیمە رێزمان بۆ قوربانیدانى حەشدى شەعبى هەیە بەرامبەر دوژمنى هاوبەش شەڕى کردووە".
دەشڵێت "تەنانەت ئەو کاتەى داعش پەلامارى شنگالی دا هیچ هاوکارییەکى بەپەلە بە پێشمەرگە نەگەیشت، تاوەکو ئاستى چەک و ژیانى پێشمەرگە بڵندتر بکات، بۆ ئەوەى بتوانێت بەرامبەر چەکە پێشکەوتووەکانى داعش بوەستێت، چونکە ئەو کات دەسەڵات و هێزى بەدەست داعشدا بوو زۆر گەورە بوو لەو کاتەدا نزیکەى ٤٩ لەسەدی خاکى سووریا و ٥١ لەسەدى خاکى عێراقى بەدەستەوە بوو، هەروەها خەڵکانێکى شارەزاى بوارى سەربازیشیان لەگەڵدا بوو، هەموو ئەمانەیش لەوە سیاسەتى فەشەلى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣ سەریهەڵدا".
نێچیرڤان بارزانى گوتیشى: "داعش لەوکاتە بەهێز بوو کە سوپاى عێراق بەرگرییەکى ئەوتووى نەکرد و چەکە نوێیەکانى سوپا کەوتە دەست تیرۆریستانى داعش، بەرامبەر چەکە کۆن و خراپەکانى هێزى پێشمەرگە بەکاریانهێنا، ئەمانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەى بەرگرى پێشمەرگە وەک پێویست نەبێت، خەڵکى شنگال ناچاربوون پەنایان بردە بەر چیاى شنگال، بە داخەوە ژمارەیەکیش لە خوشک و برای ئێمەى کوردى ئیزدى کەوتنە دەست تیرۆریستانى داعش، لە پێناوەدا جەنگاوەرانى کوردى ئێزدى پێشمەرگە شەهید بوون، دووپاتى دەکەینەوە ئەوەى لە دەستمان بێت بۆ کوردانى ئێزدى دەکەین".
لەبارەى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەدا سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەدا کە ریفراندۆم ئامانجى سەرەکى ئێمە نییە، بەڵکو ریفراندۆم ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکى گەورە کە ئەویش سەربەخۆیی هەرێمى کوردستانە. دەنگى سنوورى جینۆساید کراوى شنگال بۆ ریفراندۆم زۆر گرنگە، چونکە دەنگى ئازار، دەرد، فەرمان، ئەنفال و کیمیابارانى گەلى کوردە، دەنگى رزگار بوونە لە بن دەستى و مرۆڤ فرۆشتن، هیوادارین لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ ئەم بابەتەیش یەکلا بکەینەوە".
نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد کە دەسەڵات بە ئیدارەى خۆجێیە شارۆچکەکان دەدەن بۆ ئەوەى بتوانن کارى زیاتر لە ناوچەکانیان بکەن.