Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ماوەیەک لەمەوبەر، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان داوایەکی ئاراستەی دادگا کردبوو بە مەبەستی لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام دەکەن و ئەمڕۆش داواکاری گشتی وەڵامی داوەتەوە کە کار لەسەر دۆسیەکە دەکات.
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، عەبدوڵڵا وەرتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونییدا گوتی: "لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی ئایینی و نیشتمانی، سکاڵایەکمان لە دادگا تۆمارکرد لە دژی ئەوانەی سووکایەتی بەرامبەربە پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام دەکەن، ئەمڕۆ داواکاری گشتی وەڵامی ئێمەی داوەتەوە و فەرمانگەکانی هەولێر و سلێمانی ئاگادارکردۆتەوە کە بەئەرکی خۆیان هەستن".
عەبدوڵڵا وەرتی گوتیشی: "ماوەیەکی زۆرە لە لایەن ھەندێک کەس و لایەنەوە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام و رەمزە پیرۆزەکانی ئیسلام دەکرێت، بەڵام ئێمە وەک لایەنێکی سیاسی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە لێی بێدەنگ نەبین و وەک تەواوی حزبە ئیسلامییەکانیش ئەرکمانە کە لەسەر ئەو بابەتانە بێدەنگ نەبین و سکاڵامان داوەتەوە دادگا".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان داوایشی کرد کە پەرلەمانی کوردستان کار بکات بۆ ئەوەی چاودێری رەوشی پێکەوەژیان لە کوردستان بکرێت و گوتی: "پێمان باشە داواکاری گشتی بێتە دەنگ و رێگری لە خەڵکانێک بکات کە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام دەکەن".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، عەبدولڵا وەرتی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ناسک و ھەستیاردایە و پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکھەڵوێست بن و بە شێوازێکی باشتر رۆڵ ببینن بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی دوو ئیدارەیی".