ھەولێر - AA
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ رۆژی ٣/١١/٢٠١٦ بەناونیشانی (دەرکردنی عەرەب لە کەرکووک لەلایەن ھێزە کوردییەکان) و رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رۆژی ٧/١١/٢٠١٦ بە ناونیشانی (عێراق: ھێزە کوردییەکان بە بلدۆزەر خانووی عەرەبەکانی کەرکووک خاپوور دەکەن و بە سەدان عەرەب لە کەرکووک دەردەکەن) دوو راپۆرتیان بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە دەرکردنی زۆرەملێی راگوێزراوەی عەرەبەکان لە کەرکووک و تێکدانی ماڵەکانیان دەکەن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکوک.
لەم بارەیەوە لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت بەپێی سەرچاوە ئیداری و ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە ھەندێک کەس کە لە کەرکووک نیشتەجێن خزم و کەسیان لە ریزەکانی داعشن و ھاوکارییان دەکەن و لەم رووەوە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە، ھەروەھا لە ناوچەکانی تەماسی نێوان ھێزی پێشمەرگە و داعش کارگەی درووستکردنی بۆمبیان دامەزراندبوو و دواتر بۆمبەکانیان چاندووە، لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ژمارەیەک لە گوندەکان ھاوکاری داعشیان کردووە و لە کاتی ھێرشەکانیان پێشوازییان لە داعش کردووە، لەوانە خەڵکی ھەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەکانی داعش چەندین جار ھێرشیان کردۆتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەڕەتدا گوندی تەعریب کراون و خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمانن و ئێستا داوای زەوییەکانیان و قەرەبوو کردنەوە دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری سەبارەت بەم دوو گوندە رایگەیاند "لە گوندی قوتان (٦٨) خانوو ھەبووە لەوانە (٣٢) تێکدراوە و ھۆکاری تێکدانەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو و شەڕی پێشمەرگەیان کردووە و ئەو خانووانە بەشێوەیەک ئامادە کرابوون کە قەناس بە دەستەکانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان کردۆتە ئامانج بۆیە لە کاتی شەڕدا خانووەکان دووچاری وێرانکردن بوونەتەوە بەھۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێکی خەڵکەکەی لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان روویان لە شاری کەرکووک کردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و نەھێشتنی مەترسی لەسەر ھێزەکان لە بەرەکانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) ھیچ خانووەکی تێکنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەکدارانی داعش ھاتوونەتە ناو ئەو گوندەوە و بە زۆر ھەوڵیانداوە خەڵکی گوندەکەیان بۆ مەرامی سەربازی تایبەتی خۆیان بەکاریان ھێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانی داعش لەسەریان بە رەزامەندی خەڵکی گوندەکە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان و بەشێکیان لە شاری کەرکووکن".
سەبارەت بەو راگوێزراوانەی لە ناو شاری کەرکووکەوە گواستراونەتەوە بۆ ناو کەمپەکان سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک وەرگیراوە ئەو ئاوارانەی بەم دواییە گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان دانیشتووانی کەرکووک نین، بەڵکو خەڵکی دیالە و تکریت و ئەنبار بوون و لە بنەڕەتدا لەوخانوودا نەبوون بەڵکو لە شوێنێکی کاتی و لە بن تەنەکەدا دەژیان کە جگە لەوەی سیمای شاری کەرکووکیان ناشیرین کردبوو و زەرەر و زیانیشیان بە خزمەتگوزاری شارەکە گەیاندووە سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان، گەڕەکی(منسیە)یان بە زیادەڕۆیی درووستکردبوو لەسەر رێگای گەڕەکی (یەکی حوزەیران)، درووستکردنی ئەم گەڕەکە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بە نەرێنی قۆزرایەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی شارەکە بۆیە پێشتر حکوومەتی ئیتیحادی و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بڕیاریان دابوو کە ئەم گەڕەکە تێک بدرێت و مۆڵەتی دوو مانگیان بە خەڵکەکەی دا بۆ ئەوەی چۆڵی بکەن و بگەڕێنەوە بۆسەر زێدی خۆیان، چونکە زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەکە نیشتەجێ بوون ناوچەکانیان رزگار کراوە".
ھەروەھا گوتیشی: "سەلیم جبووری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی سەردانی بۆ شاری کەرکووک لەم دواییەدا داوای لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکە کرد کە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان".
ھەروەھا ئەم گەڕەکە ھەڕەشەیەک بوو بۆ سەر ئاسایشی شاری کەرکووک و شانەی نووستووی تیرۆریستانی داعش خۆیان تیادا حەشاردا بوو و لەو ھێرشەی کە رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٦ لەشاری کەرکووک ئەنجامدرا چەکدارانی داعش لەو گەڕەکەوە تەقەیان لە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆیە بڕیاری گواستنەوەی ئەم گەڕەکە لەلایەن پۆلیسی کەرکووک ئەنجامدراوە و بڕیارەکەش بەر لەو ھێرشەی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شاری کەرکووک درا بوو و بڕیارێکی ئیدارییە نەک سەربازی.
سەبارەت بە دەرکردنی عەرەبەکانی شاری کەرکووک لە ناوچەکانی خۆیان، سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە کەرکووک شارێکی فرە پێکھاتەیە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەوە و گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارە حکوومییەکان ھەوڵ دەدەن مافی گشت پێکھاتەکان پارێزراو بێت بەبێ رەچاوکردنی پێکھاتەی ئایینی و نەتەوەیی و لەم رووەوە ھاووڵاتییە عەرەبەکانی دانیشتووی کەرکووک بە ئازادی دەژین و لە رووی یاساییەوە گشت مافێکیان ھەیە وەک ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی شارەکە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان پارێزراون، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئیدیعایانەیە کە لە ھەردوو راپۆرتی رێکخراوی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ھیومان رایتس وۆچ)دا ھاتووە و پێمانوایە نەدەبوو راپۆرتەکان بەو شێوەیە گشتگیر بن، چونکە لە راستیدا ھیچ بەرنامەیەک نییە بۆ دەرکردنی عەرەبە رەسەنەکانی ئەم شارە کە رۆڵێکی سەرەکییان ھەبوو لە بەرپەرچدانەوەی ھێرشی ئەم دواییە تیرۆریستان داعش، دەزگا ئەمنییەکان نەک عەرەبە رەسەنەکانی کەرکووک تەنانەت عەرەبە ئاوارەکانیش دەرناکەن و ماڵەکانیان تێکنادەن. بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی شارەکە و پۆلیس خەڵکی ئەو خانووانەی کە بە زیادەڕۆیی درووستکراون گواستۆتەوە کە لە بنەڕەتدا لە خانووی سەفەری دەچوون و بە تەنەکە و چەند پارچە ئاسنێک درووستکراون، ھەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە لە بەشێکی ئەم خانووانەدا تیرۆریستانی داعش خۆیان حەشاردابوو و دژی ھێزەکانی ھێزە ئەمنییەکان شەڕیان کردووە ئەمەش ھۆکارێک بوو بۆ گواستنەوەیان".
دیندار زێباری ئەوەشی گوت: "بەشێک لە راگوێزراوانی دیالە و تکریت وئەنبار لە کاتی جێھێشتنی زێدی خۆیان ئەم خانووانەیان درووستکردبوو و ئەندامانی سوننەی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لێکردوون کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بەتایبەتی ئەوانەی کە ناوچەکانیان رزگار کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی دوو مانگیان پێدراوە بۆ گەڕانەوە، بەڵام رەنگە بە ھۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک گەڕانەوەیان ماوەیەک دوا بکەوێت، ھەرچەندە وەکو پێویست راگوێزراوان نەگەڕاونەتەوە و لە شاری کەرکووک ماون وھۆکاری نەگەڕانەوەشیان تا ئێستا بۆ ترسیان لە تۆڵە سەندنەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەگەڕێننەوە".
زێباری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەردەوامن لە پشکنین و گەڕان بەدوای شانە نوستووکانی داعش لە ناوچەکانی نێوان کەرکووک و داقووق و بەشێک لەو تیرۆریستانەی کە لەم شانە نووستووانەدان لەو ھێرشەی رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٦ کرایە سەر شاری کەرکووک بەشدارییان تێدا کرد لەوانە (٩١) یان کوژران و (١٤) دەستگیر کراون، ئەمانە بەشێکیان لەو گەڕەکەی کە بە زیادەڕۆیی درووستکراوە ھێرشیان کردە سەر ھێزە ئەمنییەکان.
زێباری جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە پرۆسەی گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ ناو کەمپەکان لەم بارودۆخەدا پێویستە و گرنگە لە دوو رووەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە ژیانیان پارێزراو دەبێت و دەتوانرێت زیاتر خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکاندا خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە چیتر زیادەڕۆیی لەسەر زەوییەکانی ئەم شارە نەکرێت، چونکە ئێستا نزیکەی (٦٥٠) ھەزار ئاوارە و راگوێزراو لەو شارە ھەیە ئەم ژمارە زۆرەش پێویستی بە رێکخستن و بەرنامەیەکی توند و تۆڵ ھەیە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیان و رێگاگرتن لە دزە کردنی تیرۆریستان بۆ ناو شارەکە، بۆیە گواستنەوەیان بۆ کەمپەکانی نزراوە و لەیلان و داقووق بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەیە، سەرەڕای ئەمەش تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ وەرنەگرتنی زیاتری راگوێزراوان لە شارەکە.
news_share_descriptionsubscription_contact

