واشنتۆن
ئەحمەد جەربا سەرۆکی ئیئتلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەو دەنگوباسانەی کە باس لە ناکۆکی و جیاوازی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەن رەتکردەوە و گوتی: "حاڵی حازر ئۆپۆزسیۆن یەک دەنگ و یەک ھەڵوێستە و خاوەن یەک پێکھاتەیە کە سەرۆکەکەی منم."
جەربا لە میانی یەکەم سەردانی بۆ ئەمریکا، بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانکۆی (جۆرج تاون) لە واشنتۆن کرد و گوتارێکی سەبارەت بە رەوشی سوریا پێشکەشکرد و گوتی: "شەڕی سوریا پێی ناوەتە چوار ساڵەوە و بەھۆی شەڕەوە تائێستا لانیکەم ١٠ ملیۆن کەس بە ناچاری زێدی خۆیان جێھێشتووە، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس کوژراون و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش بریندار هەیە، لە سەرانسەری سوریا تراژیدیای مرۆیی ھەیە و رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێ."