هەولێر
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، "لەپێناو رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناو هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەکانی کوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بۆ ئەو مەبەستەش بە درێژایی هەزار و پەنجا کیلۆمەتر کە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان و داعشە، خەندق لێدەدرێ."
یاوەر هەروەها گوتی: "ژمارەی چەکدارانی داعش پێش ئەوەی بێنە موسڵ نزیکەی دوو هەزار چەکدار بوون، بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەکانی هەواڵگریمان، بەهۆی رووکردنی گەنجەکان ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ هەزار چەکدار."
یاوەر ئەوەشی راگەیاند کە بەهێزبوونی داعش مەترسی تەواوی هەیە و بە نیازە دەوڵەتی خۆی لەسەر خاکی تورکیا و عێراق و سوریا و ئوردن و وڵاتانی ناوچەکە بنیات بنێ و بە ئاشکرا نەخشەی دەوڵەتەکەی بڵاو کردووەتەوە.
لەبارەی پرسیاری ئانادۆڵو کە ئایە داعش دەتوانێ هێرش بکاتە سەر بەغدا و کۆنترۆلی بکا؟ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە هەر لە سەرەتاوە هەوڵیاندا بچنە بەغدا و کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. پێم وایە موعادەلەکە سەراوژێر بووەتەوە، ئێستا داعش لە بەرگریدایە و دەیەوێ ئەو ناوچانەی لەژیر دەستییەتی بپاریزێ."
یاوەر هەروەها گوتی: "زانیاریمان هەیە کە شەڕ و پێکدادان لەسەر دەسەڵات لە نیوان گروپە چەکدارەکان لەلایەک و چەکدارنی داعش لەلایەکی دیکەوە دروست بووە و ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیانەوە، بۆیە ئەو بۆچوونە دوور بووەتەوە."
سەبارەت بە بوونی شەڕ لە هەندێک بەرەی پێشمەرگە، کە گوایە داعش لە بەرەی یەکێتیی زیاتر شەڕ دەکا، یاوەر گوتی: "ئەو قسانەی لەم باریەوە دەکرێ راست نییە، هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان لە سەنگەرن و جیاوازی لە نێوان پیشمەرگەی یەکیتیی و پارتی نییە."
سەبارەت بە بۆردومانەکانی سوپای عێراق و کەوتنەوەی قوربانی سڤیل لە ئاکامدا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بەداخەوە ئەمە دووەم جارە سوپای عێراق کاری وا دەکا کە بەهۆیەوە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون، ئێمە دەستبەجێ سەرکۆنەی ئەو کارەمان کرد و داوای روونکردنەوە و لیکۆڵینەوە، دواتر سزادانی ئەو کەسانەمان لە بەرپرسانی بەغدا کرد کە کەمتەرخەم بوونە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین و دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین."
جەبارە یاوەر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو سنوورەی ئیستا پێشمەرگەکانی کوردستان لێی ئامادەن و کۆنترۆڵیان کردووە، سنووری رەسمی هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەی هەیە سنووری ئیدارییە، یاوەر زیاتر گوتی: "ئێمە بەشێکین لە عێراق و ئەو سنوورەی هەیە وەک سنووری ئیداری تەماشا دەکرێ، نەوەک وەک سنووری جوگرافی هەرێمی کوردستان، بۆیە رێککەوتنێک هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا کە پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبێ بە یەکەوە ئەو ناوچانە بپارێزن."