سلێمانی
جێگرانی یەكەم و دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كۆسرەت ڕەسول عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح پێش كەمێك ڕونكردنەوەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە :"دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت، وە ئێمەش هەردووكمان لە پەرۆشیمان بۆ یەكێتی كۆمەڵێك پێشنیازمان پێشكەش بە هەڤاڵان كرد پێش 2014/1/31 و دوو رێكەوتننامەی ئیمزاكراویشمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان."
لەڕونكردنەوەكەی جێگرانی سكرتێری گشتی. ی ن. ك هاتووە: "بەداخەوە ئەم هەوڵانەمان نەگەیشتە ئەنجام و ئێستاش وادەی بەستنی كۆنگرە بەسەرچوو، دوای تێپەڕبوونی 2014/1/31 دووپاتی دەكەینەوە كە سوورین لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی شەرعی دوور لە تەزوویر زوو بە زوو بە ئاراستەی نوێبوونەوە و چاكسازی یەكێتی و بوژانەوەی كۆمەڵانی خەڵك."
پێش ئەو ڕوونكردنەوەیە هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتیی پێكەوە بەشدارییان لەساڵیادی كۆچی دوایی موحسین ئەلحەكیم سەركردەی دیاری شیعەكان لەحوسەینییەی شاری سلێمانی كرد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەناو یادەكەوە گوتی: "دوای تەواوبوونی یادەكە هاوسەری تاڵەبانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێش هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانی چووە دەرەوە، دواتر كۆسرەت ڕەسوڵ چووە دەرەوەو بەرهەم ساڵحیش بەچەند كەسێكی نێو هۆڵەكەی گوت پەلەیەتی و كۆسرەت ڕەسوڵ چاوەڕوانی دەكا."
بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا لەبارەی كۆنگرەی گشتیی یەكێتی گوتی: "تا كۆنگرەی داهاتووی حزب هیچ پلەیەكی حزبی بۆ خۆم بە رەوا نابینم."
بەرهەم ساڵح كە یەكێك بوو لەو سێ كەسەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی لە كۆبوونەوەی پێرێ پێنجشەممەیدا بڕیاریدا دەسەڵاتی سكرتێری گشتییان هەبێ، گوتی: "وەك ئەندامێكی دڵسۆزی یەكێتی تا كۆنگرە هاوكار دەبم و كار بۆ بوژانەوە و هەستانەوەی یەكێتی دەكەم."
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی دوێنێ هەینی لە كۆبوونەوەیەكیدا بڕیاریدا بەستنی كۆنگرە بۆ كاتێكی نادیار دوا بخا.