Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
تونس - AA
وەزارەتی گواستنەوەی تونس ئاشکرای کرد سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێمیرەیتسی وڵاتی ئیماراتی راگرتووە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە هەژماری فەرمیی وەزارەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''وەزارەتی گەیاندنی تونس بڕیاری داوە بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵێ ئاسمانیی ئێمیرەیتس تا ئەو کاتەی گەشتەکانیان لەچوارچێوەی یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدەن''.
لەو هەواڵانەی کە رۆژی هەینی رابردوو لە میدیای لۆکاڵی تونسدا بڵاوکرابوویەوە، بانگەشەی ئەوە کرابوو رێگە بەو ژنە تونسییانە نەدراوە بچنە ناو فڕۆکەوە کە بە هێڵی ئاسمانیی ئێمیرەیتس گەشت دەکەن.
هێڵی ئاسمانیی ئێمیرەیتس لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، ئاماژەی بەوەکردبوو ڤیزەی ژنە تونسییە سەرنشینەکان سنووردارکراوە.
هاوکات ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی تونس، بڵاویکردبووەوە کە باڵیۆزی ئیمارات لە تونس، سالم عیسا زیاب رۆژی هەینی بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگ کراوە.
لە راگەیەنراوێکیشدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تونسەوە بڵاوکرابوویەوە، ئاماژە بەوەکرابوو باڵیۆزی ئیمارات رایگەیاندووە ''سنووردارکردنەکە کاتیی و بە هۆکاری ئەمنیی بووە و هەڵگیراوە''.