Ramal Abdullah Mahmood
23 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ رایگەیاند "ئێمە نامانەوێت ئەو گشتپرسییە نە ئێستا نە سبەی نە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەو گشتپرسییە بە جۆرێک هەڵبوەشێنرێتەوە کە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ میدیاکان دوا.
بەکر بۆزداغ لە بارەی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە ٢٥ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، گوتی: "ئەم گشتپرسییە، نایاساییە و قبووڵ ناکرێت. تورکیا هەر لە سەرەتاوە ئەم هەڵوێستەی بە روون و راشکاوی دەربڕیووە. ئەم گشتپرسییە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی کۆماری تورکیا. بە هەمان شێوە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکڕیزی نیشتیمانی و سەروەری ئەو وڵاتە".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ وەک تورکیا بۆ دوا جار داوای لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرد کە واز لە ئەنجامدانی گشتپرسی بهێنن و گوتی: "بە ژیرانە بجووڵێنەوە. خێری حکوومەتی هەرێم و خەڵکی هەرێم و ناوچەکە لەوە دایە گشتپرسییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە".
بەکر بۆزداغ ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا دژ بە دواخستنی گشتپرسییەکەیە و لە هیچ کاتێکدا لەگەڵ ئەوە نین ئەنجام بدرێت و گوتی: "دواخستن بە واتای ئەوە دێت کە لە داهاتوودا رێگە دەدرێت بە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە. ئێمە نامانەوێت ئەو گشتپرسییە نە ئێستا نە سبەی نە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەو گشتپرسییە بە جۆرێک هەڵبوەشێنرێتەوە کە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".