ویلیەم هێگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی بارودۆخی سوریای کرد.
هێگ لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دۆستانی گەلی سوریا کە فەرەنسا میوانداری کرد رایگەیاند: ئامانجی کۆنفرانسی جنێڤ٢، گەیشتنە بە رێککەوتن لەبارەی پرۆسەیەکی سیاسی و زەمینەی پێکەوە هەڵکردن.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای لە ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کرد، بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ کە بڕیارە ٢٢ ئەم مانگە سازبکرێ، بکەن. کە ئامانج تێیدا گەڕانە بە دوای چارەسەری قەیرانی سوریا.
هێگ گوتی: "پێویستە کەس قۆناغی داھاتووی گفتوگۆ بچووک نەکاتەوە. نە بۆ راگرتنی خوێن رشتن لە سوریا لە ھەوڵە دیپلۆماسیەکانمان پاشگەز دەبینەوە، نە پشتگیریشمان بۆ ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا رادەگرین. داوا لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەین بەشداری لە جنێڤ٢ بکەن ھەروەھا داوا لە رژێمی ئەسەدیش دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکا و کۆتایی بەو شەڕە مەترسیدارە بھێنێ."
ھێگ پێیوایە مەترسیەکان لەسەر ئاسایشی جیھان، تا دێ گەورەتر دەبێ، بۆیە بۆ پاراستنی ئاسایش و بۆ رزگارکردنی گیانی مرۆڤ، لە پێناو چارەسەری سیاسی درێژە بە ھەوڵەکانیان دەدەن.
لەمبارەیەوە دەڵێ: "بە گوێرەی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا گیانیان لە دەستداوە، گەیشتۆتە ١٢٥ ھەزار کەس. رژێم درێژە بە بۆردمانی شارەکان دەدا. بێگومان جیھان ئەسەد و دەوروبەرەکەی بە بەرپرسیار دەزانێ. بە ئەنقەست رێگرتن لە گەیشتنی ھاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی سوریا قبوڵ ناکرێ. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ھیچ ھاوکارییەک نەگەیشتۆتە نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار سوری. گەیشتنی ھاوکاری و دەرمان بە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاستەنگ دەکرێ."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: کەشتیی شاھانەی بەریتانی، بۆ ئەوەی چەکی کیمیایی سوریا لەو وڵاتە بێنێتە دەرەوە، ھاوکاریی کەشتیی دانیمارکی و نەرویجی دەکا.