بەغدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق نووری مالکی راگەیاند لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن کە ئێستا لە سەردانی عێراقدایە، رێک کەوتووە کە کۆنفرانسی جنێڤ ٢ تاکە چارەسەرە بۆ قەیرانی سوریا لەڕێی ئاشتیەوە نەک بە چەک و شەڕ و گوتی "ئیتر با کوێرەوەری و مەینەتیەکانی گەلی سوریا بەس بێ و با لە وڵاتەکەیاندا ئۆقرە بگرن."
ئەم لێدواەی مالکی لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا ھات لەگەڵ بان کی مۆن و تێیدا
گوتی "بەم بۆنەیەوە لەدڵەوە سوپاسی بان کی مۆن و ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم لەسەر ھەڵوێستێکی ئازایانەیان کە پاڵپشتیەکی گەورەی تێدایە بۆ عێراق لەشەڕیدا دژ بە قاعیدە و تیرۆریستان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردنی عێراق."
مالکی ئاماژەی بەوەدا قاعیدە بووەتە ھەڕەشە نەک تەنھا بۆ عێراق و سوریا و ھەندێ وڵاتی عەرەبی، بەڵکو پەلی بۆ زۆر دەوڵەتی جیھان ھاویشتوە، ئاشکرایشی کرد لە روانگەی باوەڕی بەوەی تیرۆر بووەتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەشداری لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی قەڵاچۆکردنی تیرۆر دەکا، کە بەم نزیکانە لە کوێت گرێ دەدرێ.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانیان لەمەڕ قەیرانی سوریا گوتی "ھاوڕا بووین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوەدا ھاوڕایە کە چارەسەر لەڕێی چەکەوە نابێ، بەڵکو ئەرکی ھەموومانە رێگەیەکیتر بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بدۆزینەوە، ئەویش کۆنفرانسی جنێڤ دووە، چونکە ھیچ جێگرەوەیەکیتر بۆ جنێڤ ٢ و بژارەی ئاشتی نیە و ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی تەنھا ئاشتی رێگەچارەیە و جێگرەوەی ئەوەیش نەک تەنھا بۆ سوریا بەڵکو بۆ سوریا و عێراق و تورکیا و جیھانیش کارەساتبار دەبێ."
لای خۆیەوە بان کی مۆن ستایشی ئەو پەرەسەندنانەی کرد کە بەھۆی نەرمینواندنی ھەریەک لە مالکی و میری کوێت، لە پەیوەندیەکانی ھەردوو وڵاتدا ھاتۆتە کایە.
مۆن، کە پێنجەم جارە سەردانی عێراق دەکا ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ مالکی دۆخی ئەمنیی وڵات و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە کۆتایی نیسانی داھاتوو و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی تاوتوێ کردوە، گوتی "رێک کەوتین لەسەر ئەوەی ئەو گژبەریانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لە ھەموو سەرکردایەتییە سیاسیەکان دەخوازن لە گفتوگۆکانیاندا پابەندی ئەرکەکانیان بن تا ئامانجی بەرھەست و باشتر بەدەست بێ. ئێمە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرمان لەگەڵ مالیکی کرد، لەگەڵ سەرانی بارستە سیاسیەکان و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش کۆدەبینەوە، تا پێکەوە لەبارەی لەبۆتەدانی قەیرانی عێراق گفتوگۆ بکەین، ئەویش لە روانگەی باوەڕمان بەوەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی داھاتوو دەرفەتێکە بۆ ھێنانەدیی خواستە رەواکانی گەل، کە بریتییە لە ئاسایش و سەقامگیری و بوژانەوە. ھەروەھا ستایشی گفتوگۆی نێوان بەغدا و ھەولێر و لێبڕانی لایەنەکان دەکەم بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەبارەی خاڵە ھەڵپەسێراوەکانی نێوانیان، لەوانە داھاتی نەوت و گەشەپێدان."
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بارودۆخی ئەنبار، مالکی گوتی ئەوەی لە ئەنبار روودەدا پێویستە بەوردی تەماشای بکرێ، چونکە ھیچ پەیوەندی بە کێشەکانی عێراقەوە نیە، ئەوەی لەوێ رووی دا عێراقیەکانی دژی قاعیدە یەکخست.. ئەمڕۆیش شتێک نیە بەناوی گفتوگۆ لەگەڵ قاعیدە، لەبەرئەوەی بڕیاری نیشتمانی بنبڕکردنی قاعیدەیە کە ماوەیەکی زۆرە پلان دادەنێ و توانیبوی بنکەگەلێک لە بیابانی خۆرئاوا دابنێ، بڵاوەپێکردنەوەی گۆڕەپانی ئیعتیسام لە ئەنبار یشھەنگاوێکی دروست بوو، لەبەرئەوەی بووبووە لانکەی قاعیدە، رۆڵەکانی ئەنبار و ریشسپییانی نیشتمانی ئەنبار ھەموو لەگەڵ سوپای عێراق بوون لە شەڕیدا دژ بە تیرۆر و قاعیدە."
چاوەڕوان دەکرێ مۆن دوای تەواوکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، سەردانی کامپەکانی پەنابەرانی سوری لە ھەرێمی کوردستان بکا.