Muhammet Ali Kemal
24 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
دادوەری فیدراڵی ناوچەی سیاستڵ سەر بە ویلایەتی واشنتۆن باکووری رۆژئاوای ئەمریکا، جەیمس رۆبارت بەشێک لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی هەڵپەسارد کە لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی رابردوودا دەریکرد و تایبەتە بە وەستاندنی وەرگرتنی پەنابەران لە ١١ وڵاتی جیهانەوە.
دادوەری فیدراڵی، جەیمس رۆبارت فەرمانی بەوەکرد کە ئەگەر بێت و پەنابەرانی ئەو ١١ وڵاتە کە هەریەک لە میسر، ئێران، عێراق، لیبیا، مالی، سۆماڵ، سوودان، کۆماری باشووری سوودان، سووریا، یەمەن و کۆریای باکوور دەگرێتەوە نیازپاک بن بەرامبەر ئەمریکا، ئەوا رێکارەکانی وەرگرتنیان هەڵناپەسێردرێت و پێویستە لەکاتێکدا کە لێکۆڵینەوەی ئەمنی لەگەڵیاندا بەردەوامە، رێکارەکانی پێشکەشکردنی داوکارییەکانیان و پەسەندکردنی و وەرگرتنیان، جێبەجێ بکرێن.
جەیمس رۆبارت هەروەها فەرمانی بەوەکرد ئەو پرۆگرامە دووبارە دەست بە کارەکانی بکاتەوە کە دەستەبەری ئەوە دەکات ئەندامانی خانەوادەی پەنابەران بێنە ئەمریکا و لە لایەن ئیدارەی واشنتۆنەوە راگیرابوو.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتانەوە هاتوون و لە ئەمریکا وەرگیراون، ژمارەیان دەکاتە لەسەدا ٤٠ی کۆی گشتیی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتە وەرگیراون و ئاماژە بەوەشدەکرێت ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە رێگەی ئەندامانی خانەوادەکانیانەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا وەرگیراون، نزیکەی دووهەزار کەسە.