Dilşad Seyfeddin Ahmed
07 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2016
لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لە كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و ئاستی گرنگیدانی حكوومەت بەو كەرتە و پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و پێویستی كەرتی كشتوكاڵی هەرێم بە چاكسازی دەكات.
عەبدولستار مەجید لەسەرەتادا باسی لە رەوشی كشتوكاڵ لە هەرێم كرد و گوتی: "كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بە بەراوردی ساڵانی رابردوو تا ئەندازەیەك گەشەی كردووە، هۆكاری ئەوەی كە ئەو كەرتە لە دوای وەزارەتەكانی ترەوەیە ئەوەیە كە رژێمی پێشووی عێراق لەگەڵ تاوانەكانی دیكەیدا كەرتی كشتوكاڵیشی وێران كردووە بە رووخاندنی زیاتر لە چوار هەزار گوند و كوێركردنەوەی سەرچاوەكانی ئاو و سووتاندن و بڕینی دار و درەختەكان و راگواستنی جووتیاران بۆ ئۆردوگاكانی زۆرەملێ".
ئەو گوتی: "لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991یش حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەی نەبووە بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ، بەرنامەی ئەوەی نەبووە وەك ئەوەی لە زۆرێك لە وڵاتاندا كشتوكاڵ سێكتەری یەكەمە بۆ درووستكردنی ئابووری وڵات و لەسەرپێی وەستاون و ئیكتیفای زاتی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پشتیان بە گومرگ و ئەو بڕە بوودجەیە بەستووە كە لە عێراقەوە هاتووە تا ئەم دواییەش پشتیان بەنەوت بەستووە كە ئەوەیش هیچیان هەمیشەیی نین و بۆچوونێك درووست نەبووە بۆ گەشەپێكردن و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ".
وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كە لەكابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشکی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە لە بارەی پلان و بەرنامەی گەشەپێدانی كشتوكاڵەوە دوا و گوتی: "لە دوای دەستبەكاربوونمان وەك وەزیری كشتوكاڵ كۆمەڵێك سیاسەتمان گرتەبەر بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، بەڵام كۆمەڵێك كێشەشمان هەبووە لەوانە كەمی و نەبوونی بوودجە كە ماوەی ئەم دوو ساڵە هیچ بووجەیەكمان نەبووە، ساڵی 2013ش كە بوودجە هەبووە 1,8 لەسەدای بوودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ دیاری كراوە، كە ئەوەیش بەپێی پێوەری جیهانی زۆر كەمە. هەروەها لە رووی مەعنەویشەوە بڕوایەك درووست نەبووە بۆ ئەوەی كشتوكاڵ بكەینە سێكتەری یەكەم و بتوانین لەسەر پێی خۆمان بووەستین، كە ئەوەیش كاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری سیاسیش".
مەجید دەڵێت: "ئەگەر پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی هەبێت دەتوانین بەبەرهەمی نێوخۆ زۆربەی خۆراكەكانی سەرەكی بەشی نێوخۆ دابین بكەین، بەڵام لەئێستادا لەچەند بەرهەمێكدا گەیشتوینەتە خود دابینكاری وەك گەنم و پەتاتە و پیاز و هەندێك بەروبوومی دیكە. ئەو بەروبوومانەش كە وەرزین لە جۆرەكانی سەوزە لەبەشی خۆمان زیاترمان هەیە، هەندێك بەرهەمی دیكەیش تائێستا نەگەیشتوینەتە ئاستی خود دابینكاری".
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژە بەوەش دەكات، كە هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆرە و دەگاتە 60 تا 70 لەسەد، لە بەرامبەردا بۆ هەناردەكردن گەنم هەیە كە ساڵانە هەرێم بڕی یەك ملیۆن و 97 هەزار تۆنی هەیە و بۆ پێداویستی نێوخۆ تەنها 500 هەزار تۆنی پێویستە و ئەوی دیكە رەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراق دەكات. هەروەها پەتاتەش بەشی نێوخۆ بە زیادەوە هەیە و ئەوی دیكەی رەوانەی سعوودیە كراوە، لەسێوی بەرواری باڵاش هەناردەی میسر كراوە، هەندێك بەرهەمی دیكەیش هەن كە لە بەشی نێوخۆ زیاترە رەوانەی دەرەوە كراوە.
ئەو وەزیرەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەشێكی دیكەی دیمانەكەی ئانادۆڵو باس لە هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەم دۆخەی ئێستای هەرێم دەكات، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پرۆسەی چاكسازی و نزیكەی دە مانگە چەند لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆكی حكوومەت پێكهێنراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و داتاكان لە وەزارەتەكان لە هەموو رووەكانەوە، وەك وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەرەتاوە داتا و پێشنیازەكانی خۆمان ئاراستەكردوون بۆ چاكسازی. ئەوانە دواتر دەكرێن بە پڕۆژە و گەڵاڵە دەكرێن و لە ئەنجوومەنی وەزیران دەخوێندرێنەوە، دواتر باس دەكرێت و تێبینی و سەرنج دەخرێتەڕوو پاشان دەكرێتە بڕیار".
لە بارەی چاكسازی لە كەرتی كشتوكاڵدا، ئەو گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوامان كردووە گرنگی زیاتر بە سێكتەری كشتوكاڵ بدەین، ئێمە لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەند هەنگاوێكمان ناوە و بەو هەنگاوانە بەروبوومی نێوخۆ بۆ دوو هێندە زیاتر بووە و جووتیاران زیاتر گرنگی بە كشتوكاڵ دەدەن".
ئاماژەی بەوەش كرد، چاكسازی لە كەرتی كشتوكاڵ پێویستی بە گۆڕینی سیاسەتی حكوومەت و پەرلەمان و حزبەكان هەیە بەوەی گرنگی بە بەرهەمی نێوخۆ بدرێت، بە پێچەوانەوە ناتوانن گرنگی بەو كەرتە بدەن و چاكسازی لە كەرتی كشتوكاڵدا بكەن.
لە دوای داخرانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بۆ ماوەی سێ هەفتە كاریگەری گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەت بەروبوومی كشتوكاڵی و نرخەكان زۆر بەرز بوونەوە، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەو بارەیەوە گوتی: "داخرانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە كاریگەری زۆری لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی هەبووە و نرخەكانیان بۆ سێ هێندە بەرز بۆتەوە و ئەگەر درێژەی بكێشایە نرخ زیاتر بەرز دەبوویەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ناتوانین بە بەرهەمی نێوخۆ پێویستی بازاڕ پڕ بكەینەوە. لە هەموو وەرزەكاندا بەرهەمی پێویستمان هەیە بۆ نێوخۆ ئەگەر هاوكاری زیاتری جووتیاران بكرێت، بەجۆرێك تەنها لەماوەی ساڵی رابردوو بەهۆی دانانی باج لەسەر بەرهەمەكانی دەرەوە زیاتر لە هەزار خانووی پلاستیكی درووست كراوە كاتێك جووتیار زانیویەتی بەرهەمەكەی لە بازاڕدا ساغ دەبێتەوە".
وەزیری كشتوكاڵ لە كۆتایی دیمانەكەدا باسی لەوە كرد كاریان كردووە لەسەر بەرهەمی زەیتون و باخێكی زۆری زەیتون لەلایەن جووتیارانەوە دروست كراوە و چەند كارگەیەكی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە، هەروەها پەیمانگای بارینی ئیتاڵیا بوودجەیەكیان بۆ درووستكردنی كارگەیەكی رۆنی زەیتونی گەورە دابینكردووە و سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەن، ئەوەیش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرهەمی زەیتون كە ساڵانی پێشتر ئەو بەرهەمە لەلایەن جووتیارانەوە فڕێ دەدرا.