Dilşad Seyfeddin Ahmed
23 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2015
ئەمڕۆ رۆژی پێنجەم و كۆتایی نۆزدەهەمین فێسستیڤاڵی گەلاوێژ بە ئەنجامدانی چەند چالاكی و پڕۆگرامێكی جیاواز ئەنجامدرا، لەلای خۆیەوە سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵەكە لە گوتارێكدا باسی لە سەركەوتنی فێستیڤاڵەكە و گرنگی رۆشنگەری كرد لە تێكشكانی داعش و سەلەفییەتدا.
فێستیڤاڵی گەلاوێژ رۆژی شەممەی رابردوو لەلایەن بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە ژێر دروشمی ( بیرە بوێرەكان مەشخەڵی رۆشنگەرین) دەستی پێكرد و ماوەی پێنج رۆژی خایاند .
لە تەوەرەی یەكەمی پرۆگرامەكانی ئەمڕۆدا تایبەت بوو بە لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و چەند لێكۆَینەوەیەك پێشكەش كران، لە تەوەرەی دووەمدا كە تایبەت بوو بە فیكر چەند لێكۆڵینەوەیەك پێشكەش كرا.
لە پڕۆگرامەكانی پاش نیوەڕۆدا سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵ مەلا بەختیار لێكۆڵینەوەیەكی بە ناونیشانی ( گرنگی رۆشنگەری لە تێكشكانی سەلەفیەت) پێشكەش كرد.
مەلا بەختیار لە بەشێكی لێكۆڵینەوەكەیدا باسی لە سەركەوتنی فێستیڤاڵەكە كردو گوتی:" ساڵ لە دوای ساڵ فێستیڤاڵەكە بەرفراوانتر دەبێت و لە 19 فێستیڤاڵی رابردودا 250 نوسەری نوێمان بەرهەمهێناوە، لە ئێستاشەوە كاردەكەین بۆ بیستهەمین فێستیڤاڵی ساڵی داهاتوو كە بەشێوەیەكی جیاوازتر بێت".
یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی فێستیڤاڵی ئەمساڵ ، سێهەم رۆژی فێستیڤاڵەكە بوو كە تەرخانكرابوو بۆ ڕۆماننووسی كۆچكردوو یەشار كەمال بە ئامادەبوونی خاتوو ئایشە بابانی خێزانی بەڕێوەچوو.
كارەكانی ئەو ڕۆژەی فێستیڤاڵ تایبەتكرا بە ئەدەب و كولتووری توركی ـ كوردی بەناونیشانی نووسەری ناودار یەشار كەمالەوە ، تێیدا چەندان لێكۆكینەوە لەلایەن نووسەرانی تورك و كوردەوە دەربارەی یەشار كەمال و ئەدەبیاتەكەی پێشكەش كران و سێ پانێڵی لە خۆ گرت.
فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیسڤاڵێكی ڕووناكبیرییە و بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ ساڵانە لە وەرزی پایزدا لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، تا ئێستا هەژدە فێستیڤاڵی بە ئەنجام گەیاندووە و جگە لە نووسەرانی ناوخۆ، نووسەرانی بیانی لە ئێران و توركیا و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپاوە بانگێشت دەكرێن .
لە كۆتایییشدا خەڵاتی یەكەم تا سێهەم، بۆ شیعر و چیرۆك و لێكۆڵینەوە دابەش دەكرێت.