Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
دوای ئەوەی لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ ی ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆتاييھات، لیست و لایەنە بەشدارەکانی پڕۆسەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کاردانەوەی جیاجیان ھەیە و بەشێکیان ئەنجامە بەراییەکانی پرۆسەکە رەت دەکەنەوە.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیەوە ھەواڵی سەرکەوتنی لیستەکەی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی رادەگەینێت، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری ھەوادارانی ئەو حزبەش لەئێستادا ھاتوونەتە سەر شەقامی سالم و لەبەردەم مەڵبەندی سلێمانی حزبەکە دەستیان بە ئاھەنگگێڕان کردووە، ھەروەھا لە سلێمانی و شاروشارۆچکەکانی دەوروبەریشی تەقەکردنی خۆشی بە ئاسماندا دەکرێت.
لەبەرامبەردا هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێن، ئەنجامی دەنگەکانیان لە سلێمانی و ھەڵەبجە دەستکاری کراوە و سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدانیش ھاککراوە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدایە لەسەر ئەو بابەتە و لە رێگەی میدیای فەرمی حزبەکەشەوە ڕایگەیاندووە، سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان ھاککراوە و داوادەکات بەشێوەی دەستی دەنگەکان جیابکرێنەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بنکەیەکی دەنگدانی بەختیاری شاری سلێمانیدا دەنگەکان بەدەست ھەژمار کرانەوە، ئەنجامەکە لەبەرژەوەندی گۆڕان پێچەوانە بووەتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بێدەنگ نابن لەسەر ئەو ئەنجامانە کە بە گوتەی خۆیان پێچەوانە کراونەتەوە لەگەڵ دەنگی لایەنێکی تر و "بریکارانی گۆڕان ئیمزا لەسەر ئەنجامە ساختەکانی بنکەکانی دەنگدان ناکەن" وەک خۆیان رایانگەیاندووە.
هاوکات دەزگای ھەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێش کەمێک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە: "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە بەپێی دەرئەنجامە سەرتاییەکان گومانێکی زۆر ھەیە لەسەر ئەو دەرئەنجامانە ، بۆیە داواکارین پشت بەجیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی نەبەسترێت و جارێکیتر جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست هەژمار بکرێت".
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش بەھەمان شێوەی ئەو دوو لایەنە ئەنجامە بەراییەکان رەت دەکەنەوە و داوای ھەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست دەکات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە، عەتا شێخ حەسەن راگەیاند: "ئێمە دڵنیاین لەوەی دەنگەکان دەستکاری کراوە و ساختەکارییەکی بە بەرنامە و ئەلیکترۆنی ھەیە ، لەبەر ئەوەی لە زۆرێک لە وێستگەکاندا کە کادرەکانی خۆمان بەشدارییان تێدا کردووە زۆر لەوە کەمتر ھاتووەتەوە، بۆیە دڵنیاین ساختەکارییەکی ئەلیکترۆنی بەبەرنامە لەناو سیستمەکەدا کراوە لە بەرژەوەندی ھێزی دەسەڵاتدار لە سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، بێجگە لەو ساختەکارییە زۆرانەی تر کە کراون بەتایبەت دژی ئەندامانی ئێمە".
لەسەر ئاستی عێراق ٢٢ ملیۆن و ٥٢٥ ھەزارو ٢٨٢ کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو لە ھەڵبژاردنی ئەمڕۆدا، بۆ ئەو مەبەستەش ٧ ھەزارو ٩١٩ ناوەندی دەنگدان کرابوونەوە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ١٤٤ ھەزارو ٧٣٠ دەنگدەریان لە ھەرێمی کوردستان بون و ١٧٣ ناوەندی دەنگدان بۆ ئەو مەبەستە کرانەوە.
لە ھەرێمی کوردستان ٢٧ قەوارەی سیاسی کێبڕکێیانە لەسەر بەدەستھێنانی ٤٦ کورسی پەرلەمانی عێراق، تەواوی قەوارە سیاسییەکانیش ٥٠٣ کاندیدیان ھەیە کە ١٤٦ کاندیدیان ئافرەتن.
لە پارێزگای سلێمانی یەک ملیۆن و ٣٠٤ ھەزارو ١٦٨ کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو بۆ ھەڵبژاردنی ١٨ کاندید لە کۆی ٢٠٨ کاندید کە لە ١٢ قەوارەی سیاسیی خۆیان پاڵاوتووە.
لە سلێمانی ٥٠٣ ناوەندی دەنگدان بۆ دەنگدانی ھاوولاتییان کراونەوە، ئەم ناوەندانەش دوو ھەزارو ٩٤٧ سندوقیان لەخۆ گرتبوو.