Mazın Asad
23 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2018
برۆکسل - AA
یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند کە پێویستە بەپەلە کۆکوژی لە غوتەی رۆژھەڵات رابگرێت.
نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەكی و ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی راگەیەنراوێکی بڵاوی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە سەدان خەڵکی سڤیل کە لە نێوانیاندا منداڵ و ئافرەت ھەیە، بە ئەنقەست لە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات کراونەتە ئامانج و گوتیشی: "پێویستە دەستبەجێ کۆکوژی لە غوتەی رۆژھەڵات رابگرێت".
مۆگرینی جەختی لەوە کردەوە کە رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە و راشیگەیاند کە پێویستە گشت لایەنەکانی سووریا بەپەلە واز لە توندوتیژییەکان بھێنن بۆ ئەوەی چی دیکە خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی .
فێدریگا مۆگرینی گوتیشی: "یەکێتی ئەورووپا وشەیەک نادۆزێتەوە بۆ ئەوەی باسی پێشھاتە دڕندانەکانی غوتەی رۆژھەڵات بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو کۆتایی ھێنان بە ئازارەکانی خەڵکی غوتەی رۆژھەڵات، پێویستە یەکگرتوو بێت".
-"پێویستە رژێمی سووریا کۆتایی بە ھێرشکردنە سەر گەلی خۆی بھێنێت"
نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەكی و ئاسایش لە بەشێکی قسەکانیدا ھەروەھا گوتی: "پێویستە رژێمی سووریا کۆتایی بە ھێرشکردنە سەر گەلی خۆی بھێنێت و بەرپرسیارییەتی پاراستنی گەلەکەی لە ئەستۆ بگرێت کە بەرپرسیارییەتییەکی لە پێشینەیە".
مۆگرینی روونیشی کردەوە کە یەکێتی ئەورووپا پشتیوانی لە بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ بەستنی ئاگربەست بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ لە سووریا و لەوبارەیەوە داوای پشتیوانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
غوتەی رۆژھەڵات لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە و نزیکەی ٤٠٠ ھاووڵاتی سڤیل تیادا دەژیت.
غوتەی رۆژھەڵات لە رێککەوتنەکانی ئاستانادا بە ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی راگەیەندراوە، بەڵام رژێمەکەی ئەسەد کە رووسیا پاڵپشتی دەکات، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووە گەمارۆی سەر ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات توندتر کردووە و، ماوەی چەند مانگێکیشە ھێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە چڕکردووەتەوە.