Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2017
سلێمانی- AA
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی كۆڕێكدا بۆ مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان كە لە هۆڵی هۆتێل ئاشوور لەو شارە پێشكەشی كرد، ئاماژەی بە كێشە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و مەترسی مانەوەی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ دوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار گوتی: "لە عێراقدا گیرۆدەی ئەوەین كە ئەم عێراقە ئایا دیموكراسییە، ئێوە دەبینن كە دیاردە نادیموكراسییەكان چەند زیاترە لە چاو ئەو دیاردە دیموكراسیانەی كە لەم وڵاتەدا هەیە، ببینن عەقڵی تائیفی و عەشائیری و شارگەرایی و خێڵگەرایی و هۆزەكان و مەزهەبەكان چۆن گەشە دەكات، ببینن چۆن رێگری دەكرێت لە ئازادی ژن و مافە مەدەنییەكان و ئازادی ئایینەكان".
ئەو گوتی: "كێشەی ئێمە تەنها كێشەی داعش و تیرۆریستان نییە، ئەوە هەڵەیە گەر وابزانرێت عێراق تەنها كێشەی داعش و تیرۆریستانی هەیە، ئەی كێشەكانی تری دوای رووخانی رژێم، ئەی ماددەی 140 بۆ جێبەجێ ناكرێت، ئەی كێشەی نەوت و غاز بۆ لەم وڵاتەدا چارەسەر ناكرێت، بۆچی دەستوور جێبەجێ ناكرێت".
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت "باشترین شت بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین و بتوانین میللەتەكەمان و هێزەكانمان باشتر ئامادە بكەین بۆ قۆستنەوەی هەر فرسەتێك ئێستا یان ئایندە بۆمان دێتە دی، ئەوە ئەركێكی زۆر زۆر پیرۆزە. لەخۆبوردەیی حكوومەتی هەرێم و حزبە سیاسییەكان بۆ ئەوەی واز لە بڕیارەكانی رابردوو بهێنن یان لە هەندێكی واز بهێنن تاوەكو بێینە سەر شارێی چۆنێتی بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم سەردەمە و دیموكراسی لەم سەردەمە، ئەوەش ئەركێكی پێویستە ".
بەرپرسەكەی یەكێتی هەروەها گوتی: "با ئێمە پاساو نەهێنینەوە بەوەی بڵێین دەتوانین ریفراندۆم بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانمان بێنینە دی، ئەوە ناكرێت و قورسە. بە پێچەوانەوە پێویستە رەخنە لە هەموو هەڵەكانی رابردووی خۆمان بگرین، رەخنە لە هەڵە ئابووری و سیاسی و یاسایی و هەندێك هەڵسوكەوتی ناپەسەند بگرین، رەخنە لە هەموو دیاردە دزێوەكان بگرین و كەمیان بكەینەوە".
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە حزبەكەی لە هەمووان زیاتر لە خۆبوردوتر بێت و دەتوانێت رەخنەی عەقڵانی لە خۆی بگرێت تاوەكو خەڵك ئاشت بكاتەوە.
مەلا بەختیار لە بارەی بەخۆداچوونەوەی حزبەكان زیاتر دوا و گوتی: "پێویستە هەموومان بە گشتی سیاسەتە هەڵەكانمان راست بكەینەوە و پەرلەمان كارا بكەینەوە و سەرلەنوێ ئاشت ببینەوە، ئەو كێشانەی ئێستا هەمانە هێندەی كێشەكانی شاخ نییە كە لە شاخ كێشەكانمان زیاتر بووە و دواتریش توانیمان ئاشت ببینەوە، پێویستە لەوە تێبگەین كە وانەی گەورە لە مێژوودا هەبووە و كاتێك كێشەكانمان چارەسەر كردووە توانیومانە میللەتەكەمان لە دەوری یەك پرس كۆبكەینەوە و هەڵ بقۆزینەوە و سەركەوتن بەدەست بهێنین".
مەلا بەختیار هۆشداری دا لە مەترسییەكانی ئێستا و گوتی: "ئێستا مەترسی كەم نییە و نابێت گرێی دەست بخەینە دەم، مەترسییەكان هەموومان دەیزانین و هەموو حزبەكان مەترسییەكان دەزانن، كەواتە چارەسەرەكانتان بۆ كەی هێشتۆتەوە، بۆیە ئێستا كاتی چارەسەركردنی كێشەكانە و كاتمان زۆر لەبەردەست نییە بۆ ئەو مەبەستە و لە كۆتایی شەڕی داعش نزیك دەبینەوە، ئەگەر فریا نەكەوین ئەو كاتە كەمەشمان لەدەست دەچێت و ئەوكات كاڵەك نا بەڵكو بەرد بە ئەژنۆی خۆمان دەشكێنین".
ئەو گوتی: "ئەمساڵ ئیتر دەرگاكان و سنوورەكان دەكرێتەوە كە هەموو كۆمپانیاكانی جیهان بێن بۆ ئەم بازاڕانەی سووریا و عێراق و بەرژەوەندییەكانیان دابین بكەن، نەوتی زیاتر دابین بكەن كە كۆمپانیاكان هاتن و سنوور و دەرگاكان كرایەوە بۆ بەرژەوەندییەكان، ئەوكات بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە لە حكوومەتەكان و دۆستایەتی هەمیشەیی نییە. لە سیاسەتدا دۆستایەتی و خۆشەویستی هەمیشەیی نییە، بەرژەوەندی ئابووری هەمیشەیی هەیە، ئێستا هەموو دەوڵەت و كۆمپانیاكان لە دیراسەی ئەوەن كامیان زۆرترین بەرژەوەندی خۆیان لە سووریا و عێراق و یەمەن و میسر و لیبیا و لەم وڵاتانە دابین بكەن".
بەرپرسەكەی یەكێتی باسی لە بەرژەوەندی هەندێك لە وڵاتان و چاوپۆشی لە تاوانی وڵاتانی ناوچەكە بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنی كرد و گوتی: "هەموو وڵاتان و كۆمپانیاكان لەسەر هێڵن و وەستاون بۆ ئەوەی خۆیانی پێدا بكەن، هەموو ئەو دەوڵەتانەی شەڕیان كردووە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان شەڕیان كردووە، ئەمریكا دەڵێت ئێمە نەهاتووین لە عێراق شەڕ بكەین و ئەو ژمارە سەربازە بە كوشت بدەین و بەجێی بهێڵین و بۆ بەرژەوەندییەكانمان هاتووین، رووسیا ئەوەی كە دەیكات لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تا كۆتایی كۆبوونەوەی جیهانی هەموو بەرگرییەك لە بەشار دەكات، بە شێوەیەك تا رادەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی چاوی لێی پۆشیوە و پاساویشی بۆ دەهێنێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە زۆرترین دەستكەوتی دوای مانەوەی بەشاری دەست بكەوێت".