Heman Hussein Yaseen Yaseen
22 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەتوندی سەرکۆنەی رووداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی ھەولێر کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانییان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیر بکەن، ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیران ھاوخەمیشی بۆ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی.
لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا و، وەزیرەکان سەرنج و تێبینی خۆیان خستەڕوو، سەرۆکوەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە ھاووڵاتییان بگیرێت و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت، پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەکان رێنمایی تایبەت دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراق روونکردبووەوە، کە بڕیارە شاندی ھاوبەشی ھەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە کە گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت کرا وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمدا ھاتووە. ئاماژە بەوەش درا کە ئێستا ماڵپەڕی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە و، بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگای ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستھێنانی بەڵگەنامە و زانیاریی پێویست پێشکەشی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات و، ببێتە ھەنگاوێک بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی ئیشوکارەکانی حکوومەت.