Heman Hussein Yaseen
31 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی سەربە ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتێکی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو کە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کرابوو.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بڕیاردرا راپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بکرێت وەکو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان و رای گشتیی.