Mohamad Misto,Levent Tok,Adham Kako
16 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2019
دێرازۆر- AA
رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکە بە پشتیوانی ئەمریکا سەرجەم ناوچەکەی ژێر دەستی داعشی لە خۆرهەڵاتی فوڕات داگیرکرد. بەوشێوەیەش ئەمریکا بیانووی پشتیوانیکردن یەپەگە/پەکەکەی نەما.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە لۆکاڵیيەکانەوە دەستکەوتوون، یەپەگە/پەکەکە و ئەمریکا، دوێنێ ئێوارە لەگەڵ دوایین گرووپی چەکدارانی داعش کە لە ناحیەی باغۆز لە پارێزگای دێرازۆری سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، گەمارۆدرابوون، رێککەوتنیان ئەنجامداوە.
نزیکەی ٥٠٠ چەکداری داعش کە لە باخەکانی دەرەوەی ناوەندی ناحیەکە و کەمپەکان گەمارۆدرابوون، قایل بوون بەوەی خۆیان رادەست بکەن. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا داعشەکان چەکەکانیان فڕێبدەن و لەو شوێنانەی کە لێی ماونەتەوە، دەربهێنرێن.
هاوکات بە درێژایی دوێنێ هەڵاتنی ژنان و مناڵان لە ناحیەی باغۆزەوە بەردەوام بوو.
لەگەڵ داگیرکردنی ناحیەکە لەلایەن یەپەگە/پەکەکەوە، نزیکەی سەرجەم ناوچەکانی خۆرهەڵاتی فوڕات تا سنووری عێراق، کەوتە ژێر دەستی رێکخراوەکەوە. لە خۆرهەڵاتی فوڕات تەنها فڕۆکەخانەیەک و لیوایەکی سەربازیی لە ناوەندی شارۆچکەی قامیشلۆ و لەناوەندی پارێزگای حەسەکەش، چیای کەوکەب، چوارگۆشەی ئاسایش و لیوای ١٥٦ لە ژێر کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەددایە.
بەو شێوەیەش ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەژێر چەتری هاوپەیمانی دژی داعش دەستی لە جەنگی ناوخۆی سووریا وەرداوە، هیچ بیانوویەکی بۆ مانەوە لە سووریا و پشتیوانی کردنی یەپەگە/پەکەکە نەماوەتەوە.
لەدوای کۆتاییهاتنی بەرەنگاربوونەوەی داعش، هێشتا وادەی کۆکردنەوەی ئەو چەکانە نازانرێت کە واشنتۆن بۆ یەپەگە/پەکەکەی دەستەبەرکردووە. ئیدارەی ئەمریکا جەختی لە بەڵێنەکەی خۆی لەوبارەیەوە بۆ تورکیا کردبوویەوە.