Rewa Mahmut Hasan
22 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
ماوەیەکی زۆر ئێڕان رووبەڕووی سزای ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا ببۆوە بەڵام سەرەڕای کێشەی نێوخۆیی و کێشەی ئابووری، ئەو وڵاتە لە ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە، هیچ پاشەکشەی نەکرد.
لە ئێستادا نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەوەی کە دوای گەڕانەوەی ١٠٠ ملیار دۆلاری ئێران کە لەکاتی سەپاندنی سزاکانی ئابووری دەستی بەسەردا گیرابوو، پارەکە لە گرووپە تیرۆریستییەکاندا خەرج بکات.
لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکاش لەم بارەیەوە نیگەرانی هەیە ، رۆژی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لە مونتەدای ئابووری جیهانی لە داڤۆس ئاماژەی بەوە دابوو کە پێدەچێت ئەو پارانەی بۆ ئێران دەگەڕێندرێنەوە، بۆ گرووپەکانی تیرۆریستی بڕوات.
کیری رایگەیاند ئەو پارەیە هەندێکی دەچێتە دەستی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو دەزگایانەی ناویان لە لیستی تیرۆرە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆش ئێرنەست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رۆژانەی خۆیدا لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە پێ دەچێت دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئازادکردنی سەرمایەی ئەو وڵاتە لە بانکە بیانییەکاندا، لە "کردەوە قێزەونەکان" بەکار بهێنێت.
ئێرنەست ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەڕای قەرزەکانی سەری، ئێران پێ دەچێت هەنگاوی لەو چەشنە هەڵبنێت و گوتی: "ئێران قەرزێکی زۆری لەسەرە کە دەکرێت لەوانەدا بەکاری بهێنێت. هەربۆیە ئەوانەی رەخنە لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەگرن جۆرێک لە زیادەڕۆی دەکەن، هەرچەندە سەرەڕای قەرزەکانیشی پێ دەچێت، ئەو وڵاتە کردەوەی قێزەون ئەنجام بدات لە رێی ئەو پارانەی بەدەستی کەوتوون".
یاریدەدەری سەرۆکی وەقفی بەرگری دیموکراسیەکان لە ئەمریکا جۆناسان شنایزەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە "سەرەڕای بارودۆخی خراپی ئابووری، ئێران لە ماوەی پێشوودا سیاسەتێکی هێرشبەرانەی لە سووریا و یەمەن پەیڕەو کردووە و دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران پارەیەکی زۆر بۆ گرووپەکانی تیرۆریستی دەڕوات".
بەڕێوەبەری ناوەندی کاری سیاسەتی دەرەوەی هەریتاگ فاوندەیشن بەناوی جەیمز کارافانۆ رایگەیاند کە ئەوان هیچ زانیاریەکیان نییە لەوەی کە ئەو پارەیە لەلایەن ئێرانەوە چۆن خەرج دەکرێت.
کارافانۆ ئاماژەی بە پێکهاتەی ئێران دا کە زۆر ناشەفافە و گوتی: "ئەو پارەیە دەچێتە قوتووی رەشەوە و تەنیا دەتوانین پێشبینی بکەین کە لەچیدا خەرج دەکرێت. ئێران لەبەرئەوەی وڵاتێکی ئۆتۆکراسییە، تەنیا خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئەو پارەیە خەرج دەکەن. لەو کاتەدا سەربازەکانی داوای پارەی زیاتر دەکەن، ئەوانەی لە حیزبوڵڵا کار دەکەن بەشی زیاتریان دەوێت. سوپا داوای سەربازی زیاتر دەکات و مووچەیان بۆ دەبڕێتەوە و هەموو ئەمانە لە پێش خەڵکەکەیەوە دەبن. لۆژیک پێمان دەڵێت کە پارەیەکی زیاتر بۆ حیزبوڵڵا، حوسییەکان، رژێمی ئەسەد، چەکدارانی شیعیەی عێراق خەرج دەکرێت و پشتگیری زیاتریان دەکرێت" .
کافارانۆ ئاماژەی بەوە دا کە "بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، زۆر گرنگە ئێران مامەڵەی خۆی بگۆڕێت بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەئاراستەی گۆڕینی مامەڵەی ئێراندا نییە".