Azat Muhammet
22 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2017
دهۆک - AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا( ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "ئەمریکا پێچەوانەى یاسا و بنەما دیموکراسییەکانى خۆى کاردەکات لە پێناو هاوکاری کردنى پەکەکە/یەپەگە، هەموو ئەو هاوکارییە سەربازییانەى بە پەکەکە/یەپەگەى دەدات بەدووری نازانین دژى خەڵکی ناوچەکە بەکاردەهێندرێت".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا( ئەنەکەسە) ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە کاتێکدا پەیەدە/یەپەگە ناوى نوێیان کە 'هەسەدەیە' خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە سەربە پەکەکەین، ئەمریکا هەڵدەستێت پێشنیارى گۆڕینى ناو بۆ یەپەگە دەکات و بە رووکەش خۆیان لە پەکەکە جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەى هاوکارى سەربازییان پێبگەیەنێت، ئەمەیش سیاسەتێکى زۆر هەڵەیە ئەمریکا پەیڕەوى دەکات، چونکە پڕچەککردنى پەیەدە/یەپەگە/پەکەکە پڕچەککردنى گرووپێکى توندڕەوى دیکتاتۆرە و مەترسى دەخاتە سەر دانیشتووانی ناوچەکە و ئاوارەبوونى هاووڵاتییان سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە".
"پێویستە ئەمریکا بە بڕیارەکانى خۆیدا بچێتەوە بەرامبەر پەکەکە/یەپەگە".
برۆ گوتیشى: "ئەمریکا هەڵەیە ئەگەر کار لەسەر گۆڕینى ناوى یەپەگە بۆ هەسەدە بکات، چونکە ناو گۆڕین هیچ گۆڕانکارى بەسەر تاوان و پێشێلکارییەکانى یەپەگەى بە ناوەڕۆک پەکەکە ناهێنێت، ئەگەرى زیادبوونی تاوانەکانیشى هەیە، چونکە ئەم گرووپانە بە ناوى جیا جیا لەژێر چەترى پەکەکەدا کۆبوونەتەوە، ئەمانە دیکتاتۆڕ و توندڕەون لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بە پێوستى دەزانێت ئەمریکا بە سیاسەتى خۆیدا بچێتەوە و، پاشگەز بێتەوە لە هاوکارى و پڕچەککردنى پەکەکە/یەپەگە، چونکە تیرۆر هەر تیرۆرە لەژێر هەرناوێکیش بێت هەمان ناوەڕۆک و پلانە.
ناوبراو ئاشکراشى دەکات یەپەدە، یەپەگە، هەسەدە، هەپەگە، یەپەشە و هەموو ناو و لقەکانى دیکەى سەربە پەکەکە لە قوتابخانەکانى پەکەکە پەروەردەى سەربازى و سیاسى دراون و لەسەر چەندین بابەتى دژ بە پێکەوەژیان راهێندراون، ئەمریکا ئەمە باش دەزانێت، بەڵام بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانى خۆى لەسەر سیاسەتى هەڵە بەردەوامە.
ئیبراهیم برۆ گوتى: "ئەگەر پەیەدە/یەپەگە بە ناوەڕۆک هەموو کردەوەکانى پەکەکە جێبەجێ نەکات، هەڵوەشاندنەوەیەکى گەورە لە نێوان ئەو گرووپانە روودەدات و هیچ بنەمایەکیان نامێنێت تەنانەت ژمارەیەکى کەم لە چەکدارەکانیشیان لە گرووپەکە هەڵدەگەڕێنەوە و دەستبەردارى گرووپەکە دەبن، بەڵام راستى بابەتەکە ئەوەیە فەرمانى سەرانى پەکەکەیە لەسەریاندا سەپێندراوە دەبێت لەسەر هەمان رێچکەى پەکەکە بەردەوام بن".
لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆچى ئەمریکا هاوکارى سەربازى پێشکەش بە لەشکرى رۆژ ناکات؟ سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا گوتی: " ئەمریکا بە ئەنەکەسەى راگەیاندووە کە ئەگەر لەشکرى رۆژ بگەڕێتەوە بۆ سووریا پەکەکە/یەپەگە چەک لە دژیان هەڵدەگرن، ئەمریکاش نایەوێت شەڕ لە نێوان پەکەکە و لەشکرى رۆژ دروست بێت، لەگەل هەبوونى ئەو ناکۆکییەى پەکەکە لەگەڵ لەشکرى رۆژ ئەمریکا هەڵستاوە پەکەکە/یەپەگەى کردووەتەوە داردەستى خۆى لە سنوورەکە و بەکاریان دەهێنێت".
دەشڵێت: "گۆڕێنى ناوى یەپەگە بۆ هەسەدە هەرەوەک گۆڕینى ناوى بەرەى نوسرە و گرووپە هاوشێوەکانى نووسرە و داعشە، ئەگەر لە ئایندەدا داعشیش ناوى خۆى بگۆڕێت هەموویان گرووپى تیرۆریستین و دژى مرۆڤ و مرۆڤایەتى دەجەنگن، هەر هێز و لایەنێک لەگەڵیان نەبێت دژى دەوەستنەوە"