واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە چوارچێوەی لووتكەی دژی توندڕەوی و توندوتیژی لە كۆشكی سپی دا گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "داعش خۆی وەكو دەوڵەتی ئیسلامی و پاسەوانی ئیسلام دەناسێنێت، پێویستە ئێمە زۆر هۆشیار بین و بە هیچ شێوەیەك بڕوا بەو پڕۆپاگەندانەی داعش نەكەین چونكە هەموویان درۆن و نابێت بە هیچ شێوەیەك مەشرووعیەت بەو ئاینە بدەین كە داعش داوای دەكات".
ئۆباما لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی كوشتنی سێ گەنجی موسڵمانی لە ئەمریكا كرد و گوتی: "ئەو گەنجانە بە شێوەیەكی زاڵمانە كوژراون و ئەم كارەساتە بووە هۆی نیگەرانی موسڵمانانی ئەمریكا، تا پێم بكرێت دەمەوێ بە راشكاوانە بڵێم ئێمە وەكو هەموو ئەمریكییەكان هاوبەشی خەمی ئێوەین و خۆشەویستی و پشتگیری خۆمان بۆتان دەردەبڕین. ئێمە وەكو ئەمریكییەكان تراژێدیاكان كۆیان كردووینەوە و بەهێزتریان كردووین. لێرە و لە سەرانسەری جیهان چەند گرووپێكی ئاینی كارەساتیان لە بەرامبەر چەند گرووپێكی دیكەی ئاینی ئەنجام داوە كە بە هیچ شێوەیەك مرۆڤ ناتوانێت لێیان خۆش بێت و ئەمەش بە مانای خیانەت كردن لە هەموو ئاینەكانە. ناتوانین ئەمانە لە چوارچێوەی گرووپێك یان جۆگرافیایەك بەرتەسك بكەین. بەڵام هەنووکە دەزانن پرسی سەرەكی تیرۆریزمی تیرۆریستانی داعش و قاعیدەیە و شەڕی دژی توندڕەوی تەنیا بە شەڕی سەربازیی ناكرێت بەڵكو پێویستە لە بواری ئایدیۆلۆژیك، ئابووری و سیاسیشەوە شەڕی دژی تیرۆر بكرێت.
ئۆباما باسی لە ناكۆكییەكانی میدیا و رۆشنبیران لە بارەی پێناسە كردنی داعش كرد و گوتی: "ئەو تیرۆریستانە خۆیان وەكو پاسەوانی ئاینی ئیسلام پێناسە دەكەن بۆیە خۆیان وەكو دەوڵەتی ئیسلامی پێناسە كردووە و پڕۆپاگەندەی ئەوە دەكەن كە ئەمریكا و جیهانی رۆژئاوا لە شەڕی دژی ئیسلام دایە. بەو جۆرە هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی زیاتری جیهادییە تیرۆریستەكان دەدەن و هەوڵ بۆ هاندانی گەنجان بۆ توندڕەوی و توندوتیژی دەدەن بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەك ئێمە بڕوا بەو پێوانانە بكەین كە لە لایەن تیرۆریستانەوە پڕۆپاگەندەیان بۆ دەكرێت، چونكە هەموویان درۆن و نابێت مەشرووعییەت بەو ئاینە بدەین كە تیرۆریستان دەیانەوێت، ئێمە لەگەڵ ئیسلام دا شەڕمان نییە بەڵكو لەگەڵ ئەوانەدا شەڕمان هەیە كە هەوڵ بۆ ناوزڕاندن و خراپ كردنی ئیسلام دەدەن".
ئۆباما لە بەردەوامی قسەكانی دا گوتی: "پێویستە موسڵمانان پڕۆپاگەندەكانی تیرۆریستانی داعش لە بارەی شەڕی نێوان جیهانی رۆژئاوا و ئیسلام رەت بكەنەوە و پێویستە مامۆستایانی ئاینی ئیسلامیش واز لەو بیروڕایانە بهێنن كە ئاماژە بەوە دەكەن جیهانی رۆژئاوا گوشار دەخاتە سەر ئیسلام و نابێت بە هیچ شێوەیەك متمانە بەو جۆرە قسە و قسەڵۆكانە بكرێت".
ئۆباما بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: "قاعیدە و تیرۆریستانی داعش چەند بەشێكی ناوەڕۆكی بابەتە ئیسلامییەكانیان هەڵبژاردووە و بەكاریان دەهێنن و لەگەڵ ئەوەشدا لە سایەی پلانەكانی كوێلایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا چەندین بیروڕای دیكە هەن كە ئاماژە بەوە دەكەن ئیسلام لەگەڵ مۆدێڕنیزم و ئاشتەواییدا سازگار نییە و لە لایەن بەها رۆژئاواییەكانەوە خراپ كراوە، ئەم جۆرە بیروڕایانە لە چەندین وڵاتی جیهانی دا پەرەیان سەندووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئامادە كردنی گەنجان بۆ توندوتیژی و توندڕەوی. بێگۆمان تیرۆریستان ناتوانن لەسەر ناوی یەك ملیار موسڵمان قسە بكەنە كە ئایدئۆلۆژیای ئەوان رەد دەكەنەوە، ئەوانە لە پێ ناوی خۆا خەڵكی بێ تاوان دەكوژن و ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی كە تیرۆریستان نەتوانن بە ئەوەندەی رابەر ئاینییە مەسیحی، جوو، بودی و هیندووەكان نوێنەرایەتی ئیسلام بكەن. هیچ ئاینێك لە بەرامبەر تیرۆر بەرپرسیار نییە بەڵكو تەنیا مرۆڤەكانن كە لە بەرامبەر تیرۆر و تیرۆریزم بەرپرسیارن".
ئۆباما لە بەردەوامی قسەكانی دا باسی لە گرنگی بەدواداچوون بۆ ئەو كێشانە كرد كە دەبنە هۆی ئەوەی گەنجان روو لە تیرۆریزم بكەن و گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا پێویستە كۆمەڵگەی جیهان بۆ نەهێلانی هەژاری، نائارامی، گەندەڵی و بێ پەروەردەیی هەوڵی زیاتر بدات. ئەركی سەرەكی شەڕی دژی تیرۆر دەكەوێتە سەر شانی خەڵكی ئەو شوێنانەی بوونە قوربانی دەستی تیرۆر و داعش و قاعیدە گەنجە موسڵمانەكانیان كردووەتە ئامانجی خۆیان بۆیە پێویستە خەڵكی ئەو ناوچانە زۆر هۆشیار بن. بەڵام هەندێ لە موسڵمانان بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە بیر لەوە دەكەنەوە كە كراونەتە ئامانج بۆیە دەترسن كە هاوكاری حكوومەت یا هێزەکانی ئەمنی بكەن، بۆیە پێویستە لە شەڕی دژی تیرۆردا ئێمە لەوە پشتڕاست بین كە پڕۆپاگەندەی بەو جۆرە دووبارە نابێتەوە چونكە رەوشێكی بەو جۆرە دەبێتە هۆی لاواز كردنی متمانەی پێكەوە كاركرد.، موسڵمانەكانی ئەمریكا وەكو پارچەیەكی ئەم لووتكەیە هەوڵ بۆ زیاتر گەیاندنی خۆمان بە چینە جیاجیاكانی كۆمەڵگە دەدەین چونكە ئەگەر بڕیارە ئەو جۆرە كێشانە چارەسەر بكەین ئەوا پێویستە ئەوا پێویستە لەگەڵ موسڵمانانی ئەمریكا كە قوربانی سەرەكین لەسەر مێز دابنیشین".