واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما گوتی: ئەولەویەت و ئارمانجی سەرەكی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لە شەڕی دژی داعش هێرش كردنە سەر تیرۆریستانە و تیرۆریستانی داعش لە بەرامبەردا خۆیان خستووەتە نێو بارودۆخی بەرگریكردنەوە بەڵام لە كۆتاییدا داعش تووشی شكست دەبێـت.
بەیانی ئەمڕۆ ئۆباما نامەیەكی ئاراستەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە و داوای پێدانی دەسەڵاتی كردووە بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت شەڕی داعش بكات، ئۆباما لەو نامەیەدا داوای جۆرە دەسەڵاتێكی كردووە كە رێگا بە چوونە نێو مەیدانی شەڕی هێزەكانی ئەمریكا نادات بەڵام دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەبێت و بازنەی چالاكییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا بەرتەسك ناكاتەوە.
دواتر ئۆباما لەگەڵ هەر یەك لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ئەمریكا لە كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە نزیكەی 60 وڵاتی جیهان لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش بەشدارن و تا ئەمڕۆ لە سووریا و عێراق نزیكەی دوو هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش ئەنجام دراون.
ئۆباما گوتی: "ئەم شەڕە بەردەوام دەبێت و هاوپەیمانی جێهان لە هێرش بردندایە و تیرۆریستانیش لە بارودۆخی خۆپاراستندان بەڵام لە كۆتاییدا تیرۆریستان تووشی شكست دەبن."
ئۆباما لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەو نامەیەی كرد كە رەوانەی كۆنگرێسی كردووە و گوتی: لەو نامەیەدا باسم لە ئامانجی ئەو دەسەڵاتە كردووە كە لە ناوبردنی داعش و پشتگیریكردن لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانی جیهانی دژی داعشە و ئەو دەسەڵاتەی كە من داوای دەكەم رێگە بە جێگیركردنی هێزی سەربازی ئەمریكا لە سووریا و عێراق نادات. ئەو دەسەڵاتە نە وەك ئەو دەسەڵاتەیە كە لە عێراق و ئەفغانستان ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە. ئەو دوو هەزار و 600 سەربازەی ئەمریكا لە عێراق خزمەتی ناوەندە سەربازییەكان دەكەن و بەشداری لە شەڕ ناكەن و زیاتر هەوڵ بۆ راهێنانی سوپای عێراق دەدەن.
ئۆباما بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "وەكو پێشتر ئاماژەم پێكردووە ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناكەوێتە نێو شەڕێكی دیكەی درێّژخایەن، چونكە ئەمە خزمەتی بەرەژوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ناكات و پێویست نییە كە تەنیا ئەمریكا بۆ خۆی داعش لە ناو ببات و ئەو هێزانەی ئەو وڵاتانەی كە داعش هێرشی كردوونە سەر بە هۆی ئەوەیەوە كە ناوچەكان باشتر دەناسن و شارەزاییان لەسەر ناوچەكان باشترە، زۆر بە باشی دەتوانن شەڕی داعش بكەن. ئەو دەسەڵاتەی كە داوای دەكەم ئەوەیە كە رێگامان پێ بدات تا بتوانین لە بارەی سەركردەكانی تیرۆریستانی داعش زانیاری زیاتر كۆ بكەینەوە و بتوانین لە كاتە ساتی پێویستدا ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەنجام بدەین."
ئۆباما گوتی: "ئەو دەسەڵاتەی كە داوای دەكەم دەبێتە هۆی وەلاوە نانی ئەو دەسەڵاتەی كە ساڵی 2002 دراوە و ماوەكەی تەنیا بۆ سێ ساڵ دەبێت. بەڵام ناتوانم خشتەیەكی كاتی روون بۆ ئەو سێ ساڵە پێشكەش بكەم و ئەمەیش بەو مانایە نییە كە بارودۆخەكە لە كاتێكی دیاریكراودا بە كۆتایی دێت بەڵكو مانای ئەوەیە كە لە سەردەمی سەرۆكی نوێدا دووبارە سەردانی كۆنگرێس بكەینەوە."
ئۆباما گوتی: "من پێم وایە كە كۆنگریس ئەو داواكارییە بە شێوەیەك لە سەرەوەی پارتەكان قەبووڵ دەكات."
ئەو خاڵانەی كە لە نێو نامەكەی ئۆبامادا كە ئاراستەی كۆنگرەی كردووە سەرنج رادەكێشێن بریتین لە:
دەسەڵات بە هێزەكانی ئەمریكا نادرێت كە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەشداری لە شەڕی زەمینی بكەن.
بازنەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش تەنیا لە چوارچێوەی سنورەكانی سووریا و عێراقدا بەرتەسك ناكاتەوە.
ماوەی ئەو دەسەڵاتە بە جۆرەیەك كە نوێ ناكرێتەوە وتەنها سێ ساڵە.
هەر شەش مانگ جارێك پێویستە حكوومەت لە بارەی ئۆپەراسیۆنەكانی زانیاری بداتە كۆنگرێس.