Hejar Hekim
10 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
بەڕێوەبەری پۆستەی ھەرێم لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەریمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح رایگەیاند "ئاڵوگۆڕی پۆستەییمان لەگەڵ ھەموو وڵاتانی جیھان ھەیە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی نووسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە پۆستەی هەریم دەتوانن بۆ ھەر وڵاتێک کە دەیانەوێت بەپێی ئەو رێژەیەی دیاریکراو پۆستەکانیان رەوانە بکەن".
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری پۆستەی ھەرێم، ئومێد محەمەد ساڵح گوتی: "دوو ھۆکار ھەیە بۆ ئەوەی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی پۆستەییمان ھەبێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، یەکەم ئەوەیە کە بەپێی ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق کە ئەویش لە ساڵی ١٩٢٤ەوە بووەتە ئەندام لە یەکێتی پۆستەی جیھانی، ھەروەھا ھۆکاری دووەمیان ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٧تاکو ئێستا لەلایەن یەکێتی پۆستەی جیھانی 'ھەولێر' پایتەختی ھەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی گرنگ و ستراتیژی ئاڵوگۆڕی پۆستەی جیھانی دانی پێدانراوە، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا ئێمە پۆستەی فەرمانگە حکوومییەکان، ھاووڵاتییان و کۆمپانیان بۆ شوینی ئارستەکراو پۆست دەکەین، هەروەها ھەر کەسێک دەتوانێت لە ھەرێمی کوردستانەوە پۆستەکانیان بۆ ھەموو وڵاتان بنێرێت".
ئومێد محەمەد ساڵح ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لەنێوان هەریمی کوردستان و وڵاتانی جیھان کرد و گوتی: "زۆربەی ئەو پۆستانەی کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، پۆستەی ئەو ھاووڵاتیانەیە کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن بەتایبەتی زۆربەیان لە وڵاتانی ئەورووپان. ئاڵوگۆڕی پۆستەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەفریقیا ھەیە بە تایبەت لەگەڵ فلیپین، چین، ژاپۆن، نیپال ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆری ئەم وڵاتانە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن".
بەڕێوەبەری پۆستەی ھەرێم ئاماژەی بە نرخ و کێشی پۆستەکان کرد و گوتی: "کێشی ھەر پۆستێک نابێت لە ٣٠ کیلۆگرام زیاتر بێت، ھەروەھا نرخی ھەر پۆستێکیش بەپێی ئەو وڵاتە دەگۆڕێت کە پۆستەکەی بۆ دەنێردرێت، وڵاتانیش دابەشی سەر سێ کۆمەڵە کراون کە بریتین لە وڵاتانی دەرووبەرو وڵاتانی عەرەبی کە بۆ پۆستکردنی یەک کیلۆگرام کەلوپەل بڕی ١٢ھەزار وەردەگیرێت، ھەروەھا گرووپی وڵاتانی ئەورووپا و ئەفریقیا کە بۆ پۆستکردنی یەک کیلۆگرام کەلوپەل بڕی ١٥ ھەزار وەردەگیرێت، هەروەها بۆ وڵاتانی دوور وەکو ھەردوو بەشی ئەمریکا، چین، ژاپۆن، ئوسترالیا لەبەرامبەر پۆستکردنی یەک کیلۆگرام کەلوپەل بڕی ١٨ ھەزار دینار وەردەگیرێت".
ناوبراو جەخت لەسەر ھەبوونی متمانەی تەواو دەکاتەوە لە ناردن و ھێنانی پۆستەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و گوتی: "دڵنیایی تەواو دەدەینە ھاووڵاتییان کە پۆستەکان لەکاتی خۆیدا دەگاتە شوێنی مەبەست و لە رێگەی ھێلی متمانەپێکراو پۆستەکان دەگەینرێن".
سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ھەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەت بڕوات بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی ھەرێم چ ئەرکێکی نوێی دەبێت و سیستەمی کارکردنی پۆستە لە ھەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڕێوەبەری پۆستەی ھەرێم، ئومێد محەمەد ساڵح گوتی: "ئەگەر کوردستان بوو بە دەوڵەت ئەوا بێگومان پێویستە ئەو کات ھەوڵ بدەین کوردستان ببیتە ئەندام لە یەکێتی پۆستەی جیھانی ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئێمە".
یەکێتی پۆستەی جیھانی، رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانە و رێنمایی ئەوەی داوەتە ئەندامانی لە تەواوی وڵاتانی جیھان کە ھەر پۆستێک بێتە ھەرێمی کوردستان دەبێت بیگەیەنرێتە دەستی خاوەنەکەی، ھاوکات ناردنی پۆستەی ھەرێمیش بۆ وڵاتان بەھەمان شێوە دەبێت.