ئەنقەرە
بەشیر ئاتاڵای جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ٢٤ی تورکیدا، باسی قۆناغی چارەسەریی و پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیای کرد.
ئاتالای رەتیکردەوە کە پاکێجی یاسایی قۆناغی چارەسەریی کە ئێستا لە پەرلەمانی تورکیایە بە پەسەندکردنی، کەرەستەیەک بێ بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و گوتی: "ئێمە ھەموو قۆناغەکەمان رەچاو کردووە، ئەمە ھیچ پەیوەندییەکی بە ھەڵبژاردنەوە نییە، قۆناغی چارەسەری گەیشتۆتە ئاستێکی باش بۆیە جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی قانوونیی، بۆتە واجبێکی حاشا ھەڵنەگر و پێویستیمان بە نەخشە رێگایەکی روون و رەوان هەیە. ئەویش لە نێو ئەو پڕۆژە یاسایەدا ئاماژەی پێکراوە و بە پشت بەستن بە یاساکان جێبەجێیان دەکەین. لە پێناسە گشتییەکان خۆمان رزگار دەکەین و بە شێوەیەکی کرداری ھەنگاوە پێویستەکان دەنێین. دوای ئەو ھەموو ھەنگاو و کارکردنەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی کردمان، پێویستە ئیتر بگەینە ئەنجامێک، یا چارەسەری هەمیشەیی یا کۆتایی بەو قۆناغە دێت، بەڵام کۆمەڵگە ھیچ شتێک بێجگە لە چارەسەری یەکجاریی قبوڵ ناکا."
ئاتالای جەختیکردەوە، پێویستە بە پەلە ھەنگاوی پێویست بنرێ بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی چوونەتە چیا بۆ خەباتی چەکداریی، داخستنی گرتووخانەکان و کەمپی مەخموور، یان ئەوانە ئاوارەی ئەوروپا بوون، دەبێ ئەوانە بگەڕێنرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. ئەو هەنگاوانەش لە رەشنووسی بە یاساییکردنی قۆناغی چارەسەریی نووسراون.
ئاتالای لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی دا بە پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیا و گوتی: " ئاکپارتی بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبێ، لە نێو پارتیدا گۆڕانکاریی دەکرێ وەکو ئەوەی حکومەتێکی نوێ دابمەزرێ. چەندین پرسی گرنگ ھەیە کە پێویستە ھەمووان لە سەریان گفتوگۆ بکەین و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ھەموو ئۆرگانەکانی حزبەدا لە راوێژی بەردەوامداین، ، سەرۆکوەزیران گوتبووی پێش ئەوەی رۆژی سێشەممە لێدوان بدم لەگەڵ سەرکۆمار کۆ دەبمەوە و دوایین بڕیار دەدەین. بۆیە پێم وایە لە دیداری نێوان ئەردۆغان و گوڵ دوایین بڕیاریانداوە و لێدوانی سەرکۆمار کە گوتبووی بۆ پۆستی سەرکۆماری خۆم ناپاڵێوم دیارە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدایە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرکۆماری خۆی کاندید دەکا؟ ئاتالای گوتی: "ئێمە ھەموومان وا دەزانین کە خۆی دەپاڵێوێ، بەڵام بە رەسمی ئەوە ئاشکرا نەکراوە و چاوەڕوانی ئاشکرا کردنی ئەو پرسەین لە لایەن ئەردۆغانەوە."