هەولێر
مەرجەعێکی ئاینیی شیعە مەحمەد تەقیی مودریسی ئیدانەی وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی کرد، لە بارەی ئەگەری سازکردنی ریفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستان بەئامانجی دیاریکردنی چارەنووسیان لە عێراق و گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بارودۆخی خراپی عێڕاق بەدەرفەت دەزانێ و خراپ مامەڵە دەکات، ئەو جۆرە هەڵوێستانەی لەبارەی سازکردنی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، بەمانایی شاییکردنە لەسەر زامی عێراقییەکان و لێدانی خەنجەرە لەدواوەی گەلی عێراق."
لەبەیاننامەیەکەدا مەحمەد تەقی مودرسی رایگەیاندووە: "ئێستا عێراق بە بارودۆخێکی نائاساییی تێپەر دەبێت و شتێکی تەندروست نییە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کورد ئەو دەرفەتە هەڵقۆزنەوە، لەکاتێکدا ئێمە و ئەوان لەدژی دیکتاتۆری رژێمی بەعس لە بەغدا لەیەک خەندەق لەسەنگەردا بووین و بەیەکەوە جەنگمان کرد، ئێستا وا مامەڵە دەکەن و شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، کە لەکاتێکدا گەل و سوپای عێراق لەدژی تیرۆریستان لە جەنگدان، ئەوان باسی سەربەخۆییبوونی کوردستان دەکەن."
ئەو مەرجەعە ئاینییەی شیعە لەو بەیاننامەیەدا هۆشداری بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە و رایگەیاندووە کە "گەلی عێراق ئەو خەنجەرەی کە لە پشتی دراوە لە یاد ناکات، ئەگەر هەموو وڵاتان و حکومەتەکانی درواسێش لێ بێدەنگ بن، ئەوا ئەوان وەک مەرجەعی ئاینی لێ بێدەنگ نابن."
لەکۆتاییدا مەحمەد تەقی مودریسی ئەوەشی راگەیاندووە کە ئەوان وەک مەرجەع دڵسۆزن بۆ قسەکانیان بەرمبەر بە گەلی کورد، شیعە، سوننە دەخوازن هەموویان "بە سەلامەتی بژین و لەم مانگەی رەمەزاندا لەجیاتی خوێن وفرمێسک و هاواری دایکان، خۆشی و شادی باڵ بەسەریان بگرێ."