ھەولێر
ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەبوبەکر کاروانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پشتگیری لە بریاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەنجامدانی رێفرندۆم و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە، بەپێی ئەو ماددە یاساییانەی کە دەستووری عێراق ئاماژەی پێداوە.
ناوبڕاو زیاتر گوتی: "دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی، دەکرێت ئێستا چارەنووسی ئەو ناوچانە، لە رێگای ریفراندۆمەوە دیاری بکرێت."
لای خۆشیەوە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئارێز عەبدوڵڵا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عیراقین و رێفراندۆمیش کەبەشێکی ماددەکەیە، دەمانەوێت جێبەجێ بکرێت، ئەوە مافی رەوای خەڵکی کوردستان و ئەو ناوچانەیە، تا بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆیە بریاری سازکردنی رێفراندۆم بریاریکی تەندروستە و پشتگیری لێدەکەین."
هاوکات گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان مەحمەد حەکیم ئەویش لاخۆیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی ناوچە کیشە لەسەرەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانین، ریفراندۆمیش باشترین رێگایە و بریارەکەی سەرۆکی هەرێم لەو باریەوە بە دروست دەزانین، چوونکە دەچێتە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقەوە، حەکیم زیاتر گوتی ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە بووین، چاوەڕێ بووین ئەو کیشیەی لەرێگای ماددەی ١٤٠ وە چارەسەر ببێت، ئێستا هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە ئامادەن و کۆنترۆلیان کردووە ،دەتونراێت بەشێوەیەکی شەفافانە و بە چاودێری نیودەوڵەتی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان شێركۆ حهمه ئهمین گوتی: "ئەو کاتەی چارەنووسی ناوچەکانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەسترایەوە، پێموایە کارێکی هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بوو، چونکە ناکرێت چارەنووسی خاکەکەت بەریفراندۆم ببستیتەوە."
ئەو پەرلەمنتارەی گۆڕان گوتیشی: "رێفراندۆم کەبۆتە ماددەیەکی دەستووری عێراق پێویستە جێبەجی بکرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەین، کە رێز لە رای هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بگیرێ و ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و ئەو کێشەیەش بەئاشتیانە وبرایانە یەکلایی بکرێتەوە."
لەچوارچێوەی سەردانی بۆ شاری کەرکوک و دواتر پێشوازیکردنی لە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەزوویی و بەبێ دواکەوتن، دەست بە رێوشوێنەکانی پێویست بکات، بە مەبەستی سازکردنی رێفراندۆم لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە بەپێی ماددەی سەدو چلی دەستوور عێراق شاری کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق بە ناوچەی کیشەلەسەر ناونران، بەپێی ماددە ١٤٠ دەستوور، سێ رێوشوێن پێویستە بگیرێنەبەر، سەرەتا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکان، ئینجا سازکردنی سەرژمێری، دواتر سازکردنی ریفراندۆم لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەناوچەی کوردستانی ناساندوویەتی.