Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە، ئەدهەم بارزانی بە یاوەری ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و ئەنجوومەنەكە، بە مەبەستی پیرۆزبایی كردن لە هەڵبژاردنی رێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ رێكخەری گشتیی گۆڕان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو حزبە كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی شاندەكەی پارتی، ئەدهەم بارزانی رایگەیاند کە ئامانجی سەردانەكەیان بۆ پیرۆزباییكردن بووە لە رێكخەری نوێی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بە بۆنەی هەڵبژاردنیان بۆ ئەو پۆستانە و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیان و پەیوەندییەكانیان بۆ خواستن.
ئەدهەم بارزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆژی رابردووش جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێزیان (رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان،عومەری سەید عەلی) پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و هەڤاڵانی تر لە بزووتنەوەی گۆڕان كرد، ئەوەش مەسجێكە كە پشت بە خوا ماوەیەكی تر هەموومان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان و قەیرانەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان دەچین و پێویستە ئەو یەكڕیزییە بپارێزراو بێت".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی گوتی: "شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پیرۆزباییكردن لە رێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هاتبوون، بە خۆشحاڵیەوە پێشوازیمان لێكردن و تەنها سەردانێكی دۆستانە بوو بۆ مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان".
شۆڕش حاجی ئەوەشی گوت "لە دانیشتنەكەمان جارێكی تر گەنگەشەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشە و قەیرانە دارایی و سیاسیانەی رووبەڕووی هەرێمەكەمان بووەتەوە كرد، ئێمە جەختمان لەو راستییە كردەوە کە هەر كێشە و قەیرانێك هەبێت كۆتاییەكەی دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و یەكڕیزی نێوماڵی كورد بپارێزین، بۆ هەر هەنگاوێكی ئایندەش ئێمە بیكەین دەبێت یەك و یەكڕەنگ و ئیرادە بین و هەموولایەك حورمەتی رای بەرامبەر بگرێت و هیچ كەس ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنەكانی تر فەرز نەكات ، بەڵام چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان و ئایندەیەكی گەشتر بێت پێویستە هەموومان كار بۆ ئەوە بكەین و هیوادارین بتوانین لە ئایندەدا هەنگاوی باشتر بنێین بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان".
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد، هاتنی شاندەكەی پارتی ئاماژەیە بۆ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان و هیوای خواست تەواوی كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكرێت و نێوماڵی كورد یەك بخرێتەوە.
شۆڕش حاجی باسی لەوەشكرد کە لە ئایندەیەكی نزیكدا وەك گۆڕان كۆدەبنەوە و وەڵامی پەیامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان دەدەنەوە.
دوێنێ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی خۆی ئەنجام دا، لە هەڵبژاردنەكەدا عومەری سەید عەلی بە رێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا و شەش كەسی تریش وەك ئەندامی خانەی راپەڕاندن دیاری كران.
دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكە ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە رێكخەری گشتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان كرد و هیوای خواست سەركردایەتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە فاكتەری پتەوتركردنی یەكڕیزی.
بە پێی نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە رێكخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی كرد و وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، هیوای خواست هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و سەركردایەتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە فاكتەری پتەوتركردنی یەكڕیزی و یەكخستنی هەموو تواناكان بۆ چارەسەری گرفتەكان.