Rewa Mahmood Hasan
25 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق، بازنەکانی هەڵبژاردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی هەرێم و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر چەند پرسێکی تر پەیوەست بە پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەئامادەبوونی هاوسەرۆکانی ئەو حزبە بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، بەسەرپەرشتی هاوسەرۆکان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و پرسە گرنگەکانی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد.
کۆبوونەوەکە تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، هەریەک لە پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، هەڵسەنگاندنی ئەدای وەزیرەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بوودجە و مووچەی فەرمانبەران لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێ دەکرێن.