جيهان, ژيان

یارمه‌تی بەپەلە ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا له‌ كه‌مپی نه‌مرود

- ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی یارمه‌تییه‌كانی له‌سه‌ر داوای قایمقامی مووسڵ گه‌یانده‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی نه‌مرود له‌ نزیك مووسڵ.

Hemn Baban  | 09.12.2018 - نوێکردنەوە : 13.12.2018
یارمه‌تی بەپەلە ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا له‌ كه‌مپی نه‌مرود

Arbil

ھەولێر - AA

کەمپەکانی پارێزگای نەینەوا بەتایبەت کەمپەکانی سەلامییە، نەمرود، جەدعە و چەند کەمپێکی دیکە زیانی زۆریان بە ھۆی بارانی زۆری چەند رۆژی رابردوو پێگەیشتووە.

دەزگای خێرخوازی بارزانی یارمەتییەکانی گەیاندە بەشێک لە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا کە نیشتەجێی کەمپی نەمرود-ن لە نزیک مووسڵ، پاش ئەوەی قایمقامی شارەکە داوای لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کردبوو کە دەستی ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بۆ درێژ بکات.

ھەینی رابردوو و رۆژانی پێشتر و دواتریشی بارانێکی یەکجار زۆر باری، ئەمەش ئەو ئاوارانەی بە ھۆی داعش و شەڕی داعشەوە ئاوارەی ناوچەکانی خۆیان بوون و نیشتەجێی کەمپەکانن تەواو نیگەران کرد، سەرباری قوڕ و لیتەیەکی زۆر ئاوێکی زۆر چووە نێو خێوەتەکانەوە و ژیانی لێ تاڵ کردبوون، ئەمە قسەی زۆرێک لەو ئاوارانەیە کە لەنێو کەمپی نەمرود بۆ ئێمەیان باس دەکرد.

ئەو بارانە زۆرە کە بووە ھۆی ھەڵتەکاندن و تێکچوونی پتر لە سێ ھەزار خێوەت بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، قایمقامی ناوەندیی مووسڵ، زوھێر ئەعرەجی ناچارکرد پەنا ببات بۆ بارزانی و داوای لێ بکات یارمەتییەکانیان بگەیەننە ئەو ئاوارانەی لەو کەمپانە زیاتر ماڵ و حاڵییان لێ تێکچووە، ئەمڕۆ یەکشەممە یەکەم کاروانی یارمەتییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کە لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی دەستی پێکرا گەیەندرایە کەمپی نەمرود لە نزیک مووسڵ.

سەرپەرشتیاری کەمپەکانی پارێزگای نەینەوا لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، رزگار عوبێد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "دوای ئەوەی قایمقامی مووسڵ داوای لەسەرۆک بارزانی کردبوو بەپەلە بەھانای ئاوارەکانەوە بێن و یارمەتییان بدەن بە ھۆی ئەو بارانە زۆرەی چەند رۆژی رابردوو بەتایبەت بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی نەمرود و سەلامییە، ئێمە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی ھاتووین و ھاوکاریی خێرامان گەیاندووەتە کەمپی نەمرود".

سەبارەت بە ھاوکارییەکانیش رزگار عوبێد گوتی: "ھاوکارییەکان ھاوکاریی خێران بریتیین لە خۆراکی خێرا و بەتانی و جلوبەرگی زستانە و ئاوی خواردنەوە و مەوادی خاوێنکەرەوە کە پێویستیی خێران بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ھاوکاریی زیاترییان پێ دەگەیەنین بە ئاوارەکانی نێو ئەم کەمپە و کەمپەکانی دیکەش".

رزگار عوبێد گوتیشی: "کەمپی نەمرود نزیکەی ٧٥٠ خێزانی لەنێودایە و سەرجەمیان خێوەتەکانیان بە ھۆی بارانی چەند رۆژی رابردووەوە وێران بوون، جگە لەوان ئەوە ٣٠٠ خێزانی دیکەش کە ماڵەکانیان لە دەورووبەری کەمپەکەدان ھاوکارییان پێ دەگات و بە گشتی سێ ھەزار خێزانی دیکەش لە کەمپەکانی سەلامییە یەک و دوو و دەورووبەرەکانییان ماون و یارمەتییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی-یان لەچەند رۆژی داھاتوو پێدەگات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن