Mazın Asad
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2017
حکوومەتی ئەڵمانیا لەبارەی گرژییەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دوای رێگریکردن لە وەزیرانی تورکیا بۆ ئەڵمانیا، رایگەیاند: "بە ڕاشکاوانە و وەک پێویست با رەخنە لە یەکتر بگرین، بەڵام پێویستە ھاوپەیمانی بەھێزی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا و گرنگی پەیوەندییەکانمان لەبەرچاو بگرین".
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستیڤان سیبێرت لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوە دا کە لێکچوواندنی ئەڵمانیا بە نازی مایەی قبووڵکردن نییە و گوتیشی: "لەیەکچوواندنی سیاسەتی دیموکراتی ئەڵمانیا بە سیاسەتی ناسیۆناڵ سۆسیالیزم رەتدەکەینەوە. لێکچوواندنی بەشێوەی ناسیۆناڵ سۆسیالیزم ھەموو کاتێک بێ بنەما و دوورە لەراستی. چونکە تاکە ئەنجامێک لەمە دەردەچێت کە ئەویش سووکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتییە لە سەردەمی ناسیۆناڵ سۆسیالیزم".
سیبێرت روونیشی کردەوە کە حکوومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت خاوەن پەیوەندییەکی باش بێت لەگەڵ تورکیا و راشیگەیاند ئەڵمانیا لە زۆرێک لە بوارەکاندا پەیوەندی لەگەڵ تورکیا ھەیە و ئەمەشی بە بوونی ملیۆنەھا ھاووڵاتی تورکیا لە ئەڵمانیا، پەیوەندی بەھێزی ئابووری، و ھاوبەشی لە ناتۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیشاندا.
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لەبارەی بیروبۆچوونی جیاوازی ھەردوو وڵات، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مشتومڕ لە نێوان دوو وڵاتی ھاوپەیمان درێژەی ھەبێت و گوتیشی: "ئەمە پێویستە بە روونی و لەچوارچێوەی بەھاکانی ئێمەوە ئەنجام بدرێت. لە نێو ئەم بەھایانەدا بە ئازادی قسەکردن، راگەیاندن و کۆبوونەوە ھەیە. بێگومان ئەمە گشت ھاووڵاتیانمان و ھاووڵاتیانی بەڕەچەڵەک تورکەکانی ئەڵمانیاش دەگرێتەوە. بۆیە ھەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا زۆر روونە. بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسا و رێساکان دەتوانن کۆبوونەوە لە ئەڵمانیا ئەنجام بدەن. ئەویش بەشێوەیەکی روون و لەکاتی خۆی و لە ئەگەری قبووڵکردندا دەبێت".
سیبێرت بانگەوازێکی بۆ حکوومەتی تورکیا کرد و گوتی: "بە ڕاشکاوانە و وەک پێویست با رەخنە لە یەکتر بگرین، بەڵام پێویستە ھاوپەیمانی بەھێزی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا و گرنگی پەیوەندییەکانمان لەبەرچاو بگرین".