Zana Natık Kerem
29 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2024
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان- عێراق، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو ھێرشەی کە دوێنێ یەکشەممە، کرایە سەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە سنووری ئوردن لەگەڵ سووریا و ڕایگەیاند: "لەم کاتە سەختەدا ئێمە ھاوخەم و پشتیوانی گەلی ئەمریکاین".
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە بۆسەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە سنووری ئوردن لەگەڵ سووریا بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە: "بەتوندی ھێرشە تیرۆریستیەکەی سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژھەڵاتی ئوردن، سەرکۆنە دەکەم و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربازە کوژاروەکان دەکەم".
ھەروەھا نووسیوویەتی: "لەم کاتە سەختەدا، ئێمە ھاوخەم و پشتیوانی گەلی ئەمریکاین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم".
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە بە توندی ھێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە، بۆسەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە سنووری ئوردن لەگەڵ سووریا سەرکۆنە دەکات.
مەسرور بارزانی پەیامێکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ھێرشەکە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی: "بە توندترین شێوە ھێرشی ترسنۆکانەی دوێنێ یەکشەممە بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی تاوەر-٢٢ لەسەر سنووری ئوردن-سووریا سەرکۆنە دەکەم".
دوێنێ یەکشەممە بە ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ھێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا و بەھۆیەوە سێ سەرباز کوژران و ٣٤ی دیکەش برینداربوون.
لە دوای دەست پێکردنی شەڕی غەززە، ئەوە یەکەمجارە کە لە ھێرشی سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کوژرانی سەربازی لێ دەکەوێتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە وەڵامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ھێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.