ھۆڵەندا.. خۆپیشاندان دژ بە ئیسرائیل
خۆپیشاندەران لە ئەمستەردام: "ئیسرائیل تیرۆریستە و ناتانیاھوش بکوژە".
Netherlands
ئەمستردام ــ AA
سەدان کەس لە شاری ئەمستەردام پایتەختی ھۆڵەندا، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕینیان دژ بەو کۆمەڵکوژییەی کە سوپای ئیسرائیل لە سنووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بە ھۆیەوە دەیان خۆپیشاندەری فەڵەستینی کوژراون، سازکرد.
خۆپیشاندانەکە بە پشتیوانی ژمارەیەک رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لایەن لیژنەی فەڵەستینی ھۆڵەندی رێکخرابوو.
خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی دام لە شاری ئەمستەردام گردبوونەوە و ئاڵای فەڵەستینیان بەرزکردەوە و دروشمی "سەربەخۆیی بۆ فەڵەستین"، "پشتیوانیکردن لە رێپێوانی گەڕانەوەی گەورە"، "ئیسرائیل بایکۆت بکەن"، "ئیسرائیل و ئەمریکا تیرۆریستن" لەگەڵ "ناتانیاھو بکوژە" گوتنەوە و دواتر خۆپیشاندانەکەیان بۆ بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەمستەردام گواستەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەی فەڵەستینی ھۆڵەندی، رۆبێرت سویترینک لە خۆپیشاندانەکەدا رایگەیاند کە ھیچ ھەنگاوێکی بەرچاو بەرامبەر بە ئیسرائیل نەگیراوەتەبەر.
رۆبێرت سویترینک داوای کرد لە رووی ئابوورییەوە ئیسرائیل بایکۆت بکرێت و سزاشى بەسەردا بسەپێندرێت و گوتی: "شۆڕشی فەڵەستین دژ بە سەرکوتکردن و توندوتیژی، شۆڕشی ئێمەشە".
فەڵەستینییەکان لە ناوچە ھاوسنوورەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە خیوەتیان ھەڵداوە و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی گواستنەوەی باڵێوزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس و ٧٠یەمین ساڵوەگەڕی نەکبە (کارەساتی گەورە) دامەزراندنی ئیسرائیل لەژێر ناوی "رێپێوانی ملیۆنی" خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
بە پێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو فەڵەستنییانەی کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە خۆپیشاندانەکان شەھیدکراون بۆ ٦٤ کەس بەرزبوویەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە سێ ھەزارو ١٨٨ کەس.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە شەشی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل راگەیاند و ئاشکرایکرد کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەل ئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس.
بڕیارەکەی ترەمپ کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەیی، نێودەوڵەتی و تەنانەت ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لێکەوتەوە.