Fakhradın Ibrahım Mohammad
13 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کورستان، جوتیار عادل وەڵامی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا دەداتەوە.
لە روونکردنەوەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێرزەویەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت".
قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا لە بەرنامەیەکی تۆمارکراوی یادی قوربانییانی حزبەکەی هاتووە کە رەخنە لە هەڵوێستی لایەنە کوردەکان و بە تایبەت سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دەگرێت و داوایان لێدەکات لەپاڵ هێزەکانی دیکەی عێراقی هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدەن.
نەسڕوڵڵا لە قسەکانیدا بە زمانیكی زبر دەڵێت کە لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر، مەسعود بارزانی سەرەڕای داوای یارمەتی لە ئەمریکییەکان، بەڵام قاسم سولەیمانی و حزبوڵڵا فریای کەوتوون.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کورستان، جوتیار عادل لە وەڵامی قسەکانی حەسەن نەسڕوڵڵا-دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر" و رادەگەیەنێت "لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە سوپاسی هەموو کەسێکمان کردووە کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بووە و لە کاتی سەردانی بۆ لای سەرۆک بارزانی بەشدار بووە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بوو، بەڵام لە بەرامبەر خۆڕاگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕ نرا".
لە کۆتایی وەڵامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەتوندی رەخنە لەو هەڵوێستەی حەسەن نەسروڵڵا دەگرێت و دەڵێت: "تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک، زۆر لەوە بچووکتری ئەو زماندرێژییە بکەی".