Sayed Khodaiberdi Sadat
08 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2021
کابوڵ - AA
گوتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاھید رایگەیاند ئەندامانی "حکوومەتی کاتیی" ئەرکەكەیان بە وەکالەت بەڕێوەدەبەن و دواتر چاکسازیی لە کابینەکەدا دەکرێت و گوتی: "ئەم کابینەیە ھەمیشەیی نییە و ھەوڵەکان بۆ ئەوەی کابینەکە گشتگیر بێت بەردەوامە".
زەبیحوڵڵا موجاھید، لە میانی کۆبوونەوەی راگەیاندنی "حکوومەتی کاتیی" باسی لە دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان کرد.
گوتەبێژی تاڵیبان كە وەڵامى پرسيارى رۆژنامەنووسە ناوخۆيى و بيانييەكانى دەدايەوە، لە وەڵامى پرسیارێک دەربارەى پێگەى سەركردەى تاليبان هەيبەتوڵڵا ئاخونزادە لە حكوومەتى نوێ، گوتى: "وەكو ئەمير بەردەوامى بە ئەركەكەى دەدات".
زەبیحوڵڵا موجاھید، ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ھێشتا کەسیان بۆ چەند دامەزراوەیەکی حکوومی دانەناوە و گوتی: "دەکرێت لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوانە دیاری بکرێت. ئەم کابینەیە ھەمیشەیی نییە و ھەوڵەکان بۆ ئەوەی کابینەکە گشتگیر بێت بەردەوامە. جگە لەوە حکوومەتەکەی ئێمە ئەنجوومەنێکیش لە خۆدەگرێت".
گوتەبێژی تاڵیبان لە بارەی دەنگۆکانی پاڵپشتیکردنی تاڵیبان لەلایەن پاکستانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٠ ساڵە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پاکستان پاڵپشتی تاڵیبان دەکات و رایگەیاند ئەمانە بە تەواوەتی رەتدەکەنەوە.
- "ئێمە بە ئەمریکاوە، دەمانەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ ھەموو وڵاتاندا درووست بکەین".
زەبیحوڵڵا موجاھید جەختی لەوە کردەوە کە تاڵیبان لە ھەموو بەشێکی ئەفغانستاندا قوربانی لە پێناو ئازادی داوە و لەبەر ئەم ھۆیە تاڵیبان ھی ھەموو ئەفغانستانە و گوتی: "ئێمە بە ئەمریکاوە، دەمانەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ ھەموو وڵاتاندا درووست بکەین. بەتایبەتی دەمانەوێت لە چوارچێوەی برایەتیدا بەردەوامی بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە موسڵمانەکان بدەین".
گوتەبێژی تاڵیبان گوتیشی: "رێگە بە ھیچ وڵاتێک نادەین دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان وەربدات".
- خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی
گوتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاھید ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و رایگەیاند، چەند وڵاتێکی بیانی لە پشت ئەم خۆپیشاندانانەدان و بەمشێوەیە ھەوڵ دەدەن خەڵکەکە ھانبدەن و ئاژاوە دروستبکەن.
زەبیحوڵڵا موجاھید، گوتی: "دەبێت خۆپیشاندەران زانیاری لەسەر شوێن، کات و بابەتی خۆپیشاندانەکە پێشکەشی وەزارەتی داد و پۆلیس بکەن و مۆڵەت وەربگرن. ئەو خۆپیشاندانانەی کە بەبێ ئەنجامدانی ھیچ لەمانە بەڕێوەچوون، جگە لە تێکدانی رەوشەکە ھیچی دیکە نییە".
گوتەبێژی تاڵیبان جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئێستادا نایانەوێت کەس خۆپیشاندان ئەنجام بدات و رایگەیاند کەی حکوومەت درووست بوو و خزمەتگوزاری گشتی دەستی پێکرد رێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەدەن.