Enes Kaplan, Hamdi Çelikbaş, Mehmet Tosun
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2021
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئیدی وەک رۆژی رووناک ئاشکرایە کە ئەوەی لەژێر پەردەی تەکییە و زیکردا هەوڵی شاردنەوەی رووخسارە تاریکەکەی دەدا، رێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ-یە کە دەستی بە خوێن سوورە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی "دەکرێت جیهانێکی دادپەروەرانەتر بێتەئاراوە" کە لەلایەن کۆمیتەی ئاراستەکردنی نیشتمانیی ئەمریکی-تورکییەوە رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە لەئێستادا، مرۆڤایەتی ململانێ لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤایرۆسێکی کوشندەتردا دەکات و گوتی: "ئەم ڤایرۆسە ناوی ڤایرۆسی دژایەتیکردنی ئیسلامە، ئەو وڵاتانەی ساڵانێکی زۆرە وەک لانکەی دیموکراسیی و ئازادی دەناسێندرێن، بەخێرایی ئەم ڤایرۆسە تیایاندا گەشە دەکات. لەمڕۆدا، دژایەتیکردنی ئیسلام و هاووڵاتییانی بیانی، سیاسەتی دیل کردووە و بووەتە لێشاوێکی وێرانکەر کە هەڕەشە لە سیاسەتی وڵاتان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم جۆرە لە توندڕەوی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زیهنییەتی داعش نییە و رایگەیاند "لە زۆر وڵاتدا پەراوێزخستنی موسڵمانان چی بەهۆی ئایینەکەیانەوە بێت یان بەهۆی زمان و شێوازی جلوبەرگییانەوە بێت، بووەتە دیاردە. بەتایبەت لە دوای پەلامارەکانی ١١ی ئەیلوول ئێوە خۆتان شایەتی دۆخەکە بوون، زۆر باشیش دەزانن ئاشی رق و کینە کە سیاسەتمەدارانی نابەرپرس ئاوی تێدەکەن، چ برینێکی قوڵ لە جەستەی کۆمەڵگادا دروست دەکات".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باسیان لە گرنگی هەماهەنگیکردن لە هەموو بوارەکاندا کردووە و گوتیشی: "داوا لە ئێوەش دەکەم بێپسانەوە رووی راستەقینەی پەکەکە، یەپەگە و فەتۆ نیشانی دۆستە ئەمریکییەکانتان بدەن، ئیدی وەک رۆژی رووناک ئاشکرایە کە ئەوەی لەژێر پەردەی تەکییە و زیکردا هەوڵی شاردنەوەی رووخسارە تاریکەکەی دەدا، رێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ-یە کە دەستی بە خوێن سوورە".