Sarmand Hameed
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2021
جەزائیر - AA
لە رێوڕەسمێکدا تەرمی سەرکۆماری پێشووی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لە جەزائیری پایتەخت بە خاک سپێردرا.
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە سەرکۆماری ئێستای جەزائیر، عەبدولمەجید تەبوون و بەرپرسانی باڵای سەربازیی و مەدەنی و ئەندامانی خانەوادەی بوتەفلیقە ئامادە بوون.
تەرمی بوتەفلیقە لە گۆڕستانی عالیە بە خاک سپێردرا کە تەرمی سەرۆکەکانی پێشوو و فەرماندەکانی شۆڕشی رزگاریی دژ بە داگیرکاریی فەرەنسا (١٩٦/١٩٥٤) تیایدا بە خاک سپێردراون.
تەرمی سهكۆماری پێشووی جهزائیر بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا لە شوێنی مانەوەی لە ناوچەی زرالدە بۆ گۆڕستان گوازرایەوە.
عەبدولعەزیز بوتەفلیقە کە رۆژی شەممە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، و سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیر سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند و ئاڵای وڵاتەکەی تا ئاستی نیوە داگرت، هاوکات وهزارهتی داد رێگەی بە سەعید بوتەفلیقە برای سەرکۆماری پێشووی وڵاتەکە دا، كه لە ئایاری ٢٠١٩ـەوە بەتۆمەتی گەندەڵی بەندکراوە، بۆ دوایین جار براکەی ببینێت.
کۆچی دوایی بوتەفلیقە دوای نزیکەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەسەر راپەڕینی جەماوەریی دێت کە لە نیسانی ٢٠١٩ دژ بە ناوبراو ئەنجامدرا و بەهۆیەوە لە سەر کار لابرا، ئەمەش دوای ئەوەی کە رایگەیاند بۆ جاری پێنجەم خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکە کاندید دەکاتەوە.
بوتەفلیقە دوای ئەوەی لە پۆستەکەیدا نەما، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە شوێنی مانەوەی سەرۆکایەتیی لە رۆژئاوی جەزائیری پایتەخت ژیانی بەسەر دەبرد.
عەبدولعەزیز بوتەفلیقە ئەو سەرکۆمارە بوو کە زۆرترین ماوە لە دەسەڵاتدا بوو کە نزیکەی ٢٠ ساڵ سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کرد، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ ناوبراو تووشی جەڵتەی مێشک بوو، بەهۆیەوە توانای جوڵە و قسەکردنی لەدەستدا و بەمەش لەچاوی میدیاکان دوورکەوتەوە.
سەرکۆماری پێشووی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە کە لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١ کۆچی دوایی کرد، لە دووی ئاداری ١٩٣٧دا لە شاری وجدەی مەغریبی لەنزیک سنووری جەزائیر لە دایک ببوو.