Behlül Çetinkaya, Fuat Kabakcı
17 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەفغانستان رایگەیاند ''بەردەوام دەبین لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا، بە تاڵیبان-یشەوە''.
چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نێوان شاندەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.
چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە جێهێشتنی وڵات لەلایەن سەرکۆماری ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی-یەوە بۆشاییەکی لە وڵاتدا دروست کردووە و تاڵیبان بەو پێشهاتەوە چووەتە کابول و بە ئەمری واقع دەستی بەسەر حکوومەتی وڵاتەکەدا گرتووە.
راشیگەیاند ''ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا، بە تاڵیبان-یشەوە. بە هەمان شێوە کەسایەتییە دیارەکانی وەک عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، حامید کارزای کە پێشتر درێژەیان داوە بەدانوستان هێشتا لە کابول-ن و ئامادەکاری دەکەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا''.
مەولود چاوشئۆغڵو دەستخۆشی لە رۆڵی دەستپێشخەری قەتەر کرد و گوتی: ''لەئێستادا ئارامبوونەوەی وڵات پێویستە، دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەو پەیامانەی کە تا ئێستا تاڵیبان داونی ئەرێنیانە پێشوازیمان لێکردووە کە ئاراستەی بیانییەکان، نوێنەرایەتیە بیانییەکان و گەلەکەی خۆی کردووە. ئومێدەوارم لە کارەکانیشدا ئەوە بەدی بکەین. ئێمە وەک تورکیا بەردەوام دەبین لەسەر پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی ئابووریی، سەقامگیری، ئاشتیی و ئارامی ئەفغانستان''.