Hemin Othman Mohammed
07 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2022
بێلگراد - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرکۆماری سربیا، ئەلێکساندەر ڤوجیج کۆبووەوە.
لە پاش رێوڕەسمی پێشوازی لە کۆشکی سەرۆکایەتی سربیا و ناساندنی شاندەکان، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، لەگەڵ هاوتا سربییەکی، ئەلێکساندەر ڤوجیج کۆبووەوە.
دوا بە دوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان و ڤوجیج کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد و هەردوولا جەختیان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، سەبارەت بەو پرۆتۆکۆڵەی لەنێوان وڵاتەکەی و سربیا واژووکراوە لەبارەی گەشتی ئاسمانیی هاووڵاتییان رایگەیاند ''ئەو پرۆتۆکۆڵەی لەبارەی گەشت بە ناسنامەوە واژووکراوە، پەیوەندییەکانمان دەگەیەنێتە ئاستێکی نوێ''.
لەبارەی قەبارەی بازرگانی تورکیا و سربیا ئەردۆغان رایگەیاند: ''ساڵی رابردوو بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٣٣ زیادی کرد و گەیشتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار. وەبەرهێنانمان لە سربیا لە ١٠ ساڵی رابردوودا هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە ملیۆنێک دۆلارەوە گەیشتووەتە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیاکانمان لە سربیا هەزار و ٣٠٠ی تێپەڕاندووە".
گوتیشی: ''چاوەڕوانین ئەمساڵ ژمارەی گەشتیار لە سربیاوە بۆ وڵاتەکەمان ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات و بۆ یەکەمجار بگاتە سەرو ٣٠٠ هەزار''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بە ئاستی پەیوەندییەکانی سربیا و کۆسۆڤۆ و رایگەیاند: ''زۆر خۆشحاڵین بە رێککەوتنی سربیا و کۆسۆڤۆ بۆ گەشتکردن بە کارتی ناسنامە لەنێوانیاندا''.
گوتیشی: ''ئامادەین ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان ئەنجامی بدەین لە کۆکردنەوەی لایەنەکان لە کۆڕبەندێکدا کە سێ کۆمەڵگاکەی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا لەسەری رێککەوتوون''.
هاوکات سەبارەت بە گرژیی سربیا-کۆسۆڤۆ، سەرکۆماری تورکیا گوتی: ''با ئەو تاودانە ئەرێنییەی لە بەلقان بەدیهاتووە وەک خۆی درێژەی پێ بدەین، چونکە ئیدی بەلقان ئارامی نەماوە بەرامبەر ئەو جۆرە کێشانە''.
ئەردۆغان باسی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد و گوتی: ''دەتوانم زۆر بەڕوونی بڵێم ئەو هەڵوێستەی خۆرئاوا گرتوویەتەبەر دروست نییە. خۆرئاوا لە سیاسەتێکدایە کە لەسەر بنەمای ئیستفزازییە''.
سەرکۆماری تورکیا لە بارەی بابەتی هاوکاری چەکی خۆرئاوا بۆ ئۆکراینا رایگەیاند ''دەگوترێت چەک رەوانە کراوە. چەندە سکراب هەبێت دەینێرن بۆ ئۆکراینا''.