Mazın Asad
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
لەندەن - AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێریزا مای رایگەیاند کاری پێشینەی وڵاتەکەی لە جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەورووپا (برێکست)، دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ بەستنی رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد.
دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێریزا مای و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا پاوڵۆ جێنتیلۆنی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
مای کۆبوونەوەکەی بە "بونیاتنەر" وەسفکرد و رایگەیاند: "پێموایە ئەمڕۆ ھەنگاوێکی باشمان ناوە بۆ بنەمای دروستکردنی پەیوەندییەکی بەھێز و سەرکەوتووانە لە نێوان ھەردوو وڵات".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا کە بێجگە لە دانوستانەکانی برێکست و دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا، تاوتوێی قەیرانی پەنابەران لە ئەورووپا و لووتکەی جی ٧ کرا کە وا بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە شاری تۆرامینای ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا پاوڵۆ جێنتیلۆنی رایگەیاند: "(برێکست) دانوستانەکان ئاسان نابێت و پێویستە ھەڵوێستی بونیاتنەر و دۆستانە نیشان بدەین. ئیتاڵیا ئەم ھەڵوێستەی دەبێت. دانوستانێکی روخێنەر ھیچ کاتێک لە بەرژوەندی بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا نابێت".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی لووتکەی جی ٧، جێنتیلۆنی رایگەیاند تاوەکو ئێستا ھیچ داوەتنامەیەک بۆ سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین نەنێردراوە.
سەردانەکەی جێنتیلۆنی وا بڕیار بوو مانگی رابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی ئیتاڵیا سەردانەکە دواخرابوو.