28 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
واشنتۆن - AA
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاگاداری ئەوە نییە رووسیا لەبەرامبەر کوشتنی سەربازانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان پێشنیازی پێدانی پارەی بۆ تاڵیبان کردبێت.
لەبارەی بانگەشەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە باس لەوە دەکەن لە مانگی ئاداری رابردوودا، ترەمپ و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەم بابەتە ئاگادار کراونەتەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی، کێڵی ماکئێنێنی رایگەیاند "کۆشکی سپی بەگشتیی لەبارەی زانیارییە هەواڵگرییەکان یان گفتوگۆ ناوخۆییەکانەوە زانیاری نادات، بەڵام بەڕێوبەری دەزگای "CIA"، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و بەڕێوبەری تایبەتی نووسینگەی کۆشکی سپی ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە کە لە بارەی رووسیاوە زانیارییان بە ترەمپ یان جێگرەکەی مایک پێنس دابێت".
ماکێنێنی ئاماژەی بەوەیش دا کە لە بارەی ئەو زانیارییە هەوڵگرییەوە هیچ روونکردنەوەیەک ناخەنە روو، بەڵام بانگەشەکەی نیویۆرک تایمز لەسەر ئەوەی کە ترەمپ لەمبارەیەوە زانیاری پێدراوە، دووەرە لە راستییەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێشتر هەواڵی ئەوەی بڵاوکردبووەوە کە دەزگای هەوڵگری رووسیا پێشنیازی ئەوەی بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان کردووە کە لە بەرامبەر پارەدا، سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بکوژن.