Dildar Baykan Atalay
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی رایگەیاند کە کردەکانی رووسیا دەستپێکی داگیرکردنی ئۆکراینایە، لەبەرئەوە لەئێستادا سازکردنی لووتکەیەک لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە بارنامەی کاردا نییە.
جێن ساکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتی گرژیی نێوان ئۆکراینا-رووسیا کرد.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەو بە رووداوەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی ئۆکراینا و لێدوانەکانی پوتین کرد و رایگەیاند "کردەکانی رووسیا دەستپێکی داگیرکاریی ئۆکراینایە".
جێن ساکی باسی لەوە کرد کە دەرگاکانی دیپلۆماسییەت دانەخراون، بەڵام بۆ ئەوەی دیپلۆماسییەت بە سەرکەوتن بگات پێویستە رووسیا گرژییەکان کەم بکاتەوە.
- هێشتا دەرکردنی رووسیا لە کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان بانکەکان "SWIFT" لەسەر مێزە
گوتەبێژی کۆشکی سەبارەت بە ئەگەری لووتکەیەک لەنێوان بایدن و پوتین رایگەیاند "لەئێستادا شتێکی لەو شێوەیە لەنێوان پلانەکانماندا نییە".
جێن ساکی باسی لەوەیش کرد کە دەرکردنی رووسیایان لە "SWIFT" لە یەکەم پاکێجی سزادا دانەناوە، بەڵام هێشتا ئەو ئەگەرە لەسەر مێزە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو کە رەنگە رووسیا هەنگاوی توندتر بەرامبەر ئۆکراینا بگرێتەبەر و داگیرکردنی کیێڤ پایتەختی ئەو وڵاتە هێشتا ئەگەرێکی راستەقینەیە.
ساکی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەمریکییەکان ئامادەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نەوت بن.
- ئەگەر داگیرکاری بەردەوام بێت، هیچ بانکێکی رووسیا لە سزاکانی ئەمریکا رزگاری نابێت
لە لایەکی دیکەوە، جێگری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، دالیپ سین بەشداری کرد لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی-دا.
دالیپ سین ئاماژەی بەوە کرد، داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان کراوە دەستی پێ کرد و لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکاندا بەشێوەیەکی خێرا وەڵامی ئەو رەوشەیان داوەتەوە.
دالیب سین هەروەها باسی لەوە کرد کە دوای راوێژکردن لەگەڵ ئەڵمانیادا هێڵی بۆری غازی سروشتیی تەوژمی ٢ چالاک ناکرێت، ئەوەش دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لەبارەی دەستەبەری سەربەخۆیی وزەی جیهان لە رووسیاوە.
جێگری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، دالیپ سین باسی لە بڕیارەکانی سزای ئەمریکا کرد بەرامبەر دوو بانکی رووسیا و رایگەیاند ''ئیدی ئەو بانکانە نە لە ئەمریکا نە ئەورووپا ناتوانن کار بکەن. ئەگەر داگیرکاری بەردەوام بێت، هیچ بانکێکی رووسیا لە سزاکانی ئەمریکا رزگاری نابێت''.